پەکەکە و دیموکرات لە چارەسەری كێشەكەیان نزيك دەبنەوە

لە دواى رووداوەکەى کێلەشین سێیەم کۆبوونەوە لە نێوان پەکەکە و دیموکرات لە قەندیل بەڕێوەچوو.

K24- هه‌ولێر

 

لە دواى رووداوەکەى کێلەشین سێیەم کۆبوونەوە لە نێوان پەکەکە و دیموکرات لە قەندیل بەڕێوەچوو.

بەپێى هەواڵێکى ماڵپەڕى کوردستان میدیا، کە ئورگانى فەرمیى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران (حدکا)یە، رۆژی ٢٠ى حوزەیرانى ٢٠١٥ شاندێکى حزبى دیموکرات سەردانى قەندیلى کردووە و لەگەڵ جەمیل بایک هاوسەرۆکى کەجەکە کۆبوونەتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخى سیاسیی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەتەوەى کورد کراوە، هەروەها گفتوگۆش لە بارەى کۆبوونەوەکانى پێشووى نێوان دیموکرات و پەکەکە و پەیوندییەکانى نێوان ئەو دوو حزبە کراوە.

وەک سەرچاوەکە بڵاویکردووەتەوە، گفتوگۆش لەسەر ریکارێک بۆ دووبارە نەبوونەوەى هەر جۆرە ئاڵۆزیەک و لێکتێگەیشتنى تەواو بۆ چارەسەرى بنەڕەتیى کێشەکان کراوە.

لەو بارەیەوە محەمەد نەزیف قادرى ئەندامى مەکتەبى سیاسى حدکا و سەرۆکى شاندى دیموکرات بۆ قەندیل بە ماڵپەڕەکەى راگەیاندووە "کۆبوونەوەکە لە کەشێکى دۆستانە و لێکتێگەیشتنى تەواودا بەڕێوەچووە، و گەشبینى دروستبووە بۆ بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەى دیکە، تاوەکو بە دیالۆگ چارەسەرى یەکجارەکى هەموو کێشەکان بکرێت".

ئەو کۆبوونەوەییە لە کاتێکدا بەڕێوەچووە، کە رۆژى ٢٤ى ئایارى ٢٠١٥ لە ناوچەى کێلەشێن شەڕێکى چوار خولەکى لە نێوان پێشمەرگەکانى دیموکرات و گەریلاکانى پەکەکەدا روویدابوو، کە بەو هۆیەوە پێشمەرگەیەکى دیموکرات  كوژرا سێ پێشمەرگەى دیکەش بریندرا بوون.