ئەردۆغان بە سەركوتكردنى ئازادى میدیا تۆمەتبار دەكرێت

پەیامنێرى رۆژنامەى حوڕییەتى توركیا لە واشنتنەوە رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركیا هەڵمەتێكى دیكەى دژ بە ئازادى راگەیاندنى دەستپێكردووە.

K24 – ھەولێر

 

پەیامنێرى رۆژنامەى حوڕییەتى توركیا لە واشنتنەوە رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركیا هەڵمەتێكى دیكەى دژ بە ئازادى راگەیاندنى دەستپێكردووە.

تولجا تانس، بۆ ئاژانسى هەواڵدەرى رۆیتەرز قسەیكرد و رایگەیاند، بە تۆمەتى سوكایەتیكردن و هەوڵدان بۆ ناوزڕاندنى سەرۆكى توركیا، پارێزەرى ئەردۆغان سكاڵایەكى لە لاى داواكارى گشتى ئەستەنبوڵ لە دژ تۆمار كردووم.

پارێزەرەكەى ئەردۆغان، دواى بڵاوبوونەوەى وتارێكى تانس، بە ناونیشانى "سەرۆكى ئەمریكا و پیاوێكى كەشخە" كە تێیدا باسى ئۆباما و ئەردۆغانى كردبوو، سكاڵاى تۆمار كردووە.

تانس دەڵێت، لەو بابەتەدا رووى رەخنەم ئاراستەى هەریەك لە ئەردۆغان و ئۆباما كردووە، لە ژمارەیەك بابەت و پرسدا، بەڵام بڕوا ناكەم ئۆباما خۆى بەوە سەرقاڵ بكات رێگەى دادگام لە دژ بگرێتە بەر.

نەیارانى سەرۆكى توركیا لەو بڕوایەدان، ئەوەى ئەردۆغان دەیكات هەڵمەتێكى بەرنامە بۆ داڕێژراوە بۆ سەركوتكردنى دەنگى رەخنە و ئازادى راگەیاندن.

مانگى رابردوو، لەسەر داواى حكومەتى توركیا، داواكارى گشتى لە هەوڵى ئەوەدا بوو دوو كەناڵى تەلەفزیۆنى دابخات.