ویندۆز 7 له‌سه‌ر مۆبایلی‌ ئه‌ندرۆید دانرا

په‌ره‌پێده‌رێكی‌ وێبسایتی‌ XDA Developers توانی‌ ویندۆزی‌ 7 به‌ سه‌ركه‌وتوویی‌ له‌سه‌ر مۆبایله‌كه‌ی‌ دابه‌زێنێت
kurdistan24.net

K24- هەولێر
په‌ره‌پێده‌رێكی‌ وێبسایتی‌ XDA Developers توانی‌ ویندۆزی‌ 7 به‌ سه‌ركه‌وتوویی‌ له‌سه‌ر مۆبایله‌كه‌ی‌ دابه‌زێنێت و كاری‌ له‌سه‌ر بكات.
په‌ره‌پێده‌ره‌كه‌ كه‌ ناوی‌ یوكاڤانه‌ بۆ دابه‌زاندنی‌ سیستمی‌ كارگێڕی‌ ویندۆز 7 مۆبایلی‌ هۆشمه‌ندی‌ ئه‌یسوس زێنفۆن 2ی‌ به‌كارهێناوه‌.
یوكاڤان له‌ تۆمارێكی‌ ڤیدیۆییدا ئه‌و كاره‌ی‌ ڕوون كردۆته‌وه‌ كه‌ تێیدا به‌كارهێنانی‌ ویندۆز 7 له‌سه‌ر مۆبایله‌كه‌ی‌ تا ڕاده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتووه‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ پرۆسێسه‌ری‌ ناو مۆبایله‌كه‌ دروستكراوی‌ كۆنپانیای‌ ناسراوی‌ ئینتێله‌.
په‌ره‌پێده‌ره‌كه‌ ئه‌وه‌ی‌ ڕوون كردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌و سیستمه‌ی‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ ڤێرچوه‌ڵ مه‌شینه‌وه‌ دابه‌زاندووه‌ته‌ سه‌ر مۆبایله‌كه‌ی‌ واته‌ سیستمی‌ ئه‌ندرۆید له‌سه‌ر مۆبایله‌كه‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ دابه‌زاندنی‌ ویندۆز 7 و به‌گوێره‌ی‌ وته‌ی‌ یوكاڤان به‌م ڕێگه‌یه‌ ده‌توانرێت ویندۆز 8 و ته‌نانه‌ت ویندۆز 10ش داببه‌زێنرێت له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ مۆبایلانه‌.
چاوه‌ڕێ ناكرێت بتوانرێت ویندۆز 7 له‌سه‌ر هه‌موو مۆبایلێكی‌ ئه‌ندرۆید داببه‌زێنێرێت چونكه‌ كۆمپانیاكانی‌ دیكه‌ پرۆسێسه‌ری‌ ARMیان له‌سه‌ر مۆبایله‌كانیان داناوه‌ جگه‌ له‌ مۆبایله‌ هۆشمه‌نده‌كانی‌ هه‌ردوو كۆمپانیای‌ ئه‌یسوس و لێنۆڤۆ كه‌ پرۆسێسه‌ری‌ ئینتێل-یان له‌سه‌ر دانراوه.
مۆبایلی‌ هۆشمه‌ندی‌ ئه‌سیوس زێنفۆن 2 یه‌كێكه‌ له‌ مۆبایله‌ ئه‌ندرۆیده‌كان كه‌ خاوه‌نی‌ چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندی‌ به‌رزه‌ وه‌ك ڕامه‌كه‌ی‌‌ كه‌ 4 گێگابایته‌و پرۆسێسه‌ره‌كه‌شی‌ ئینتێل ئه‌تۆمه‌و نرخه‌كه‌شی‌ زۆر گونجاوه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ل مۆبایله‌ هۆشمه‌نده‌كانی‌ دیكه‌ی‌ جیهان.‌