ژماره‌ى شه‌هيدانى كوبانێ گه‌يشته‌ سه‌رووى 200 هاووڵاتى

ژماره‌ى ئه‌و هاووڵاتييانه‌ى كوبانێ كه‌ له‌ لايه‌ن رێكخراوى داعشه‌وه‌ كوژران، گه‌يشته‌ 206 هاووڵاتى

 K24- هه‌ولێر

 

ژماره‌ى ئه‌و هاووڵاتييانه‌ى كوبانێ كه‌ له‌ لايه‌ن رێكخراوى داعشه‌وه‌ كوژران، گه‌يشته‌ 206 هاووڵاتى و روانگه‌ى سورياش بۆ مافه‌كانى مرۆڤ رايگه‌ياند، داعش كۆمه‌ڵكوژى له‌ كوبانێ ئه‌نجامداوه‌.

رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو، ژماره‌يه‌ك چه‌كدارى داعش له‌ رێگه‌ى ته‌قاندنه‌وه‌ى چه‌ند ئۆتۆمبێلێك و په‌ڕينه‌وه‌يان له‌ سنوورى توركياوه‌ توانيان بچنه‌ ناو شارى كوبانێ و هاووڵاتييانى شاره‌كه‌ كۆمه‌ڵكوژ بكه‌ن، پێش ئه‌وه‌ى له‌ لايه‌ن شه‌ڕڤانانى كورده‌وه‌ شكستيان پێ بهێنرێت.

روانگه‌ى سوريا بۆ مافه‌كانى مرۆڤ رايگه‌ياند، ژماره‌ى ئه‌و هاووڵاتييانه‌ى له‌ لايه‌ن داعشه‌وه‌ كوژراوون له‌ شاره‌كه‌دا گه‌يشتووه‌ته‌ 206 هاووڵاتى.

رامى عه‌بدولره‌حمان، به‌ڕێوبه‌رى روانه‌گه‌ى سوريا رايگه‌ياند، زۆرينه‌ى ته‌رمه‌كان شوێنه‌وارى فيشه‌كيان پێوه‌يه‌ و ئه‌مه‌ش ئاماژه‌يه‌ كه‌ چه‌كدارانى داعش به‌ ئه‌نقسه‌ت و له‌ رێگه‌ى چه‌كى قه‌ناسه‌وه‌ ئه‌وانيان كردووه‌ته‌ ئامانج.

دواى دزه‌كردنى چه‌كدارانى داعش بۆ ناو شاره‌كه‌، يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل، توانيان له‌ ماوه‌ى چه‌ند كاتژمێرێكدا، گه‌مارۆى چه‌كداره‌كان بده‌ن و به‌و هۆيه‌شه‌وه‌ سه‌رجه‌م چه‌كداره‌كان كوژران.