لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى: سه‌رده‌مى سيسى ميسر بووه‌ته وڵاتێكى داپڵۆسێنه‌ر
K24- هه‌ولێر
رێكخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى رايگه‌ياند، وڵاتى ميسر بووه‌ته "ده‌وڵه‌تێكى داپڵۆسێنه‌ر" و له 2013ه‌وه تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتى ژه‌نه‌راڵ عه‌بدولفه‌تاح سيسى 41 هه‌زار كه‌سى زيندانيى كردووه.
له دووه‌م ساڵيادى داماڵينى ده‌سه‌ڵات له ئيخوانه‌كانى ميسر، رێكخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى راپۆرتێكى له باره‌ى ره‌وشى مافى مرۆڤ له ميسر بڵاو كرده‌وه و تێيدا رايگه‌ياند، "سيسى هه‌ر داهاتوويه‌ك ده‌كوژێت ئه‌گه‌ر له له‌دايكبوونيه‌وه هه‌ڕه‌شه له ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى بكات".
رێكخراوه‌كه روونيكردووه‌ته‌وه، خۆپيشاندانه جه‌ماوه‌رييه‌كان به زه‌برى ره‌شبگيرى و كوشتن و گرتن خامۆشكراوون و به ده‌يان گه‌نج له كونجى زيندانه‌كان ئاخێنراوون و به‌وه‌ش وڵاته‌كه بووه‌ته وڵاتێكى داپڵۆسێنه‌ر.
رێكخراوه‌كه ئاشكراشيكردووه، زياتر له 41 هه‌زار هاووڵاتى به تۆمه‌تى جياجيا خراونه‌ته زيندانه‌وه و ئه‌وان رووبه‌ڕووى دادگاييه‌كى نادادپه‌روه‌رانه كراونه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شكردووه، له ناوه‌ڕاستى ئه‌مساڵدا، 160 كه‌س ناچار بوون، به ناچارى خۆيان حه‌شار بده‌ن و دوور له چاوى ده‌زگا ئه‌منييه‌كان ژيان به‌سه‌ر به‌رن.
له ته‌ممووزى 2013، له‌و كاته‌ى كه سه‌رۆكى ميسر محه‌ممه‌د مورسى له پۆسته‌كه‌ى دوور خرايه‌وه و خرايه زيندانه‌وه، حكومه‌تى ميسر و ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازى و ئه‌منى ئه‌و وڵاته هه‌ڵمه‌تێكى فراوانييان بۆ سه‌ركوتكردنى نه‌ياره ئيسلامييه‌كانيان ده‌ستپێكردووه.
رێكخراوه‌كه ئه‌وه‌شى نه‌شاردووه‌ته‌وه، كه وڵاتانى جيهان و دامه‌زراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به مه‌به‌ست له‌و پێشێلكارييانه‌ى حكومه‌تى نوێى ميسر نايێنه ده‌نگ و هاوپه‌يمانه خۆرئاواييه‌كانى ميسر په‌له‌يانه بۆ ئه‌وه‌ى بۆندى بازرگانى تايبه‌ت به ناردنى كه‌رسته‌كانى توندوتيژى بۆ پۆليسى ميسر له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى سيسى ئيمزا بكه‌ن.