پله‌ی گه‌رما هه‌ڕه‌شه له منداڵی ئاواره‌كان ده‌كات
K24 – ھەولێر
ئه‌ندامی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ، له به‌یانێكدا هۆشداری دا، له به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما هه‌ڕه‌شه له هه‌زاران منداڵی ئاواره له عێراق ده‌كات.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (5-7-2015)، "فازل ئه‌لغه‌رڕاوی"، ئه‌ندامی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ، له به‌یانێكدا رایگه‌یاند: "عێراق رووبه‌ڕووی كاره‌ساتێكی مرۆڤایه‌تی گه‌وره بووه‌ته‌وه، نزیكه‌ی 3 ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س به‌هۆی داعش، دووچاری ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری بوونه، له نێوانیشیاندا 600 هه‌زار منداڵ هه‌ن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: "هه‌زاران منداڵی ئاواره له ناوكه‌مپه‌كاندا به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رماو نه‌بوونی ئاو شیر و خۆراكی پێویست، رووبه‌ڕووی مردن بوونه‌ته‌وه، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا 4 منداڵ كه ته‌مه‌نیان له 3 ساڵ تێپه‌ڕ نه‌ده‌بوو له كه‌مپه‌كانی حه‌مدانیه مردن".
هه‌روه‌ها روونیشی كرده‌وه: "ئه‌و منداڵانه له بارودۆخێكی مرۆڤایه‌تی زۆر سه‌خت دان، چه‌ندین نه‌خۆشی و په‌تا له نێوانیاندا بڵاوبووه‌ته‌وه، كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌ندروستيى و ژینگه‌ی عێراقدا كردووه".
له‌مانگی شه‌شی ساڵی رابردووه‌وه تاوه‌كوو ئێسته رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) زۆربه‌ی پارێزگا و شاره‌كانی ناوچه‌ى سوننه نشينى عێراقی داگیركردووه، به‌و هۆیه‌وه ملیۆنان كه‌س له شاره‌كانی "سه‌ڵاحه‌ددین، ئه‌نبار، دیاله، ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك و موسڵ، ده‌ربه‌ده‌ر بوون و روویان كردووه‌ته هه‌رێمی كوردستان و شاره‌كانى باشوور و به‌غداى پايته‌خت.