توركیا پشكی ئاوی عێراق زیاد ده‌كات

K24 – ھەولێر

نوسینگه‌ی جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌ به‌یانێكدا رایگه‌یاند: توركیا ره‌زامه‌ندیی نیشانداوه‌ به‌ زیادكردنی پشكی ئاوی عێراق به‌ بڕی 270 مه‌تر سێجا له‌ چركه‌یه‌كدا.

 دوێنی شه‌ممه‌ (4-7-2015)، نوسینگه‌ی "ئوسامه‌ نوجێفی"، جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌به‌یانێكدا رایگه‌یاند، له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردووی‌ بۆ توركیا، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ ره‌زامه‌ندییان نیشانداوه‌ به‌ زیادكردنی پشكی ئاوی عێراق له‌ رووباری فورات به‌ بڕی 270 مه‌تر سێجا له ‌چركه‌یه‌داو به‌وه‌ش ئاوی هاتوو له‌ چركه‌یه‌كدا بۆ ناو خاكی عێراق، ده‌گاته‌ 500 مه‌تر سێجا.

 به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی نووسینگه‌ی نوجێفی، له ‌دیداری نێوان "ئه‌حمه‌د داودئۆغڵۆ"ی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا و نوجه‌یفیدا، باس له‌ گرفتی كه‌میی ئاو ‌و پرسی ئه‌منیی‌ عێراق كراوه‌.

عێراق، ساڵانه‌ پێویستی به‌ نزیكه‌ی 50 ملیار مه‌تر سێجا ئاو هه‌یه‌ له‌كاتێكدا شاره‌زایان پێیان وایه‌ تا كۆتایی ئه‌مساڵ پێویستيی عێراق بۆ ئاو ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 77 ملیار مه‌تر سێجا.