سوپا هۆشدارى دايه‌ خه‌ڵكى مووسڵ

K24 – ھەولێر

به‌رپرسی راگه‌ياندنى لقى مووسڵى پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، فڕۆكه‌كانی عێراق چه‌ند بڵاوكراوه‌یه‌كیان له‌ ئاسمانه‌وه‌ بۆ دانیشتوانی مووسڵ فڕێداوه‌ته‌ خواره‌وه‌، كه‌ تێیدا هاتووه‌ رزگاركردنی مووسڵ نزیكه‌.

دوێنێ شه‌ممه‌ (4-7-2015)، "سه‌عید مه‌موزینی"، به‌رپرسی راگه‌ياندنى لقى مووسڵى پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، فڕۆكه‌كانی عێراق شه‌وی رابردوو چه‌ند دانه‌یه‌ك بڵاوكراوه‌یان له‌ ئاسمانه‌وه‌ بۆ دانیشتوانی شاری مووسڵ فڕێ داوه‌ته‌ خواره‌وه‌.

ئه‌و بڵاوكراوه‌یه‌ كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ستی (K24) كه‌وتووه‌، چوار خاڵی سەرەكی لەخۆ دەگرێت، لە سەرەتای بڵاوكراوەكە وەكو ئومێد بەخشینێك بە دانیشتوانی ئەو شارە و هێمایەك بۆ ئەوەی كە ئەوان لە بیر نەكراون، حكوومەتی عێراق نووسيويه‌تى: "هەر هەنگاوێك حكوومەت بەرەو مووسڵ، شارە مەزنەكەتان بیهاوێژێت حيساب بؤ ئایندە و خوێنی پاك و ئازادیی پیرۆزتان دەكات".

لە خاڵی دووه‌می بڵاوكراوه‌كه‌دا هاتووه‌:  "رزگاربوون لە ستەم و جەهالەت نزیكە و هێزەكانمان له‌ ئاماده‌ باشیدان، حكوومەتی عێراق داوا لە دانیشتووانی مووسڵ دەكات كە هەماهەنگی و هاوكاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق بكەن لەكاتی دەستپێكردنی پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ".

له‌ خاڵی سێیه‌مدا هاتووه‌: "ئێوە بۆ خۆتان شارەكەتان بەڕێوەدەبەن و بڕیار لە چارەنووسی خۆتان دەدەن".

هه‌رچی په‌یوه‌سته‌ به‌ خاڵی چوارەم و كؤتايى ئه‌و بڵاوكراوه‌یه‌، حكوومه‌تی عێراق داوا لە خەڵكی مووسڵ دەكات خۆیان لە بنكە و بارەگا و چەكدارانی داعش بپارێزن و خۆیان بە دووربگرن لەو شوێنانەی ئەوانی لێن.