سعودیە٥٠٠ هەزار دۆلار بە بزووتنەوەی ئیسلامی دەدات

لە سەر راسپاردەی دەزگای هەواڵگری عەرەبستانی سعودی بڕی دوو ملیۆن ریاڵی سعودی بەرامبەر بە ٥٠٠ هەزار دۆلار بە بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان دراوە.

K24- هه‌ولێر

 

لە سەر راسپاردەی دەزگای هەواڵگری عەرەبستانی سعودی بڕی دوو ملیۆن ریاڵی سعودی بەرامبەر بە ٥٠٠ هەزار دۆلار بە بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان دراوە.

بە گوێرەی بەڵگەنامەیەکی ویکیلیکس کە تیایدا بروسکەیەکی نهێنی وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستانی سعودی بڵاو کردوەتەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٤ کانوونی دووەمی ٢٠١٢، تیادا باڵیۆزخانەی سعودیە لە عەمانی پایتەتی ئوردن ئاماژەی کردووە، بە فەرمان و راسپاردە جێنشینی پادشای سعودیە و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری ئیسلامی، بۆ پێشکەشکردنی کۆمەک بە دامەزراوەی(بیڕ-البر) و خزمەتگوزاری سەر بە بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان و کۆمەڵەی (تەکافولی خەیری) لە عێراق.

لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بە داخوازی سەرپەرشتیاری گشتی دامەزراوەی بیر و خومەتگوزاری سەر بە بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان عێراق کراوە، بە کۆمەککردنی دارایی بۆ دامەزراوەکە، ئەویش لە پێناو پشتیوانيکردن لە پرۆژە خێريەکانی لە عێراق، هەروەها وەک پشتیوانییەکی سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگری گشتی بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ئیسلامی لە رووی سیاسی و راگەیاندن و داراییەوە بۆ سەلامەتی پرۆگرام و کاری بزووتنەوەکە، هەروەها لە بەرامبەر هەڵوێستە ئیجابيیەکانی لە بەرامبەر عەرەبستانی سعودی، هەر بۆیە لیژنەی ئامادەکار پێشنیاری کردووە بە تەرخانکردنی بڕی دوو ملیۆن ریاڵی سعودی (٥٠٠ هەزار دۆلار) بۆ پشتیوانی لە دامەزراوە و چالاکییە ئیسلامییەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی.

لە کۆتایی بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو خەرجکردنە بە ئاگاداری سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگری گشتیی سعودیە بووە.