سیاسی پوخته‌ى ناوه‌ڕۆكى رێككه‌وتنه‌كه‌ى ئێران و پێنج كۆ يه‌ك رێككه‌وتنى ڤيه‌نناى نێوان ئێران و گرووپى پێنج كۆ يه‌ك له ژماره‌يه‌ك به‌ند و مادده‌ى جياجيا پێكهاتووه و به‌شێكى زۆرى مادده‌كان تايبه‌تن به‌و مه‌رجانه‌ى به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پێنراوون. Kurdistan24 هەولێر 14:25 2015/07/15 ئێران رێككه‌وتنى ڤيه‌نناى نێوان ئێران و گرووپى پێنج كۆ يه‌ك له ژماره‌يه‌ك به‌ند و مادده‌ى جياجيا پێكهاتووه و به‌شێكى زۆرى مادده‌كان تايبه‌تن به‌و مه‌رجانه‌ى به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پێنراوون. دواى 12 ساڵ له ده‌ستپێكردنى پرۆسه‌ى دانووستانه‌كان و 22 مانگ له دانووستانى به‌رده‌م و 18 رۆژى به‌رده‌وامى دانووستاندن له ڤيه‌نناى پايته‌ختى نه‌مسا، دوێنێ سێشه‌ممه 14ى ته‌مموزى 2015، ئێران و گرووپى پێنج كۆ يه‌ك گه‌يشتنه رێككه‌وتنى كۆتايى. رێككه‌وتنه‌كه ئامانجى ئه‌وه‌يه ده‌سته‌به‌رى مافى ئێران بكات بۆ وه‌رگرتنى سوودى ئاشتييانه له وزه‌ى ناووكى و هاوكاتيش رێگرى له بڵاوبوونه‌وه‌ى چه‌كى ناووكى له خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا بكات. ناوه‌ڕۆكى ته‌وه‌ره‌كانى: ماوه‌ى به‌رهه‌مهێنانى مادده‌ى ته‌قێنه‌ره‌وه‌ى ناووكييانه: ئامانج لێى ئه‌وه‌يه ئێران ئه‌و ماوه‌يه‌ى پێويستى پێيه‌تى بۆ درووستكردنى ئه‌و مادده‌يه و به‌كارهێنانى بۆ بۆمبى ناووكى كه نزيكه‌ى ساڵێكه درێژ بكرێته‌وه ب ۆماوه‌ى 10 ساڵ. پيتاندنى يۆرانيۆم: سه‌باره‌ت به پيتاندنى يۆرانيۆم، رێككه‌وتنه‌كه ده‌ستى ئێرانى ئاوه‌ڵا نه‌كردووه و پێويسته به گوێره‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه ئێران ده‌ستبه‌ردارى رێژه‌يه‌كى زۆرى پيتاندنى يۆرانيۆم ببێت و ته‌نيا سوود له‌و رێژه‌يه وه‌ربگرێت كه بۆ بوارى پزيشكى ده‌پيتێنرێت. هه‌روه‌ها ده‌بێت ژماره‌ى ئه‌و ئامێر و ده‌زگايانه‌ى پرۆسه‌ى پيتاندنى يۆرانيۆميان پێ ئه‌نجام ده‌درێت بۆ سێيه‌كى ئێستايان له ماوه‌ى 10 ساڵدا كه‌مبكرێنه‌وه و بخرێنه كۆگاوه و رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى وزه‌ى ناووكى چاودێرييان بكات. به‌ڵام رێگه ده‌درێت به ئێران دواى 8 ساڵى ديكه ئامێرى پێشكه‌وتووى جۆرى ئه‌ى ئاڕ 6 به‌كاربهێنێت كه تواناى ده هێنده‌ى ئه‌و ئامێرانه‌ى ئێستايه. هه‌روه‌ها ده‌بێت ئێران يه‌ده‌كى يۆرانيۆمى لاوازكراوى خۆى له 10 هه‌زار كيلۆگرامه‌وه كه‌مبكاته‌وه بۆ 300 كيلۆگرام له ماوه‌ى 15 ساڵى داهاتوودا. سه‌باره‌ت به دامه‌زراندنى بنكه‌ى ناووكى، ئێران رازى بووه تا 15 ساڵى ديكه هيچ دامه‌زراوه‌يه‌ك بۆ پيتاندنى يۆرانيوم دانه‌مه‌زرێنێت. ئێران رازى بووه له ماوه‌ى 15 ساڵى داهاتوودا، پيتاندنى يۆرانيۆم له دامه‌زراوه‌ى فوردۆ كه له ژێر شاخێك بنياتنراوه رابگرێت. دامه‌زراوه‌ى ناتانز: ئه‌م دامه‌زراوه‌يه سه‌ره‌كييه و 17 هه‌زار ئامێرى پيتاندنى يۆرانيوم له جۆرى ئه‌ى ئاڕ 1 و نه‌وه‌ى يه‌كه‌مى ئه‌و ئامێرانه‌ى تێدايه. هه‌زار ئامێرى جۆرى ئاى ئاڕ 2 ى تێدايه كه خێرايى كاركردنيان زياتره. ئێران رازى بووه 5060 ئامێرى پيتاندنيى له‌و وێستگه‌يه‌دا بمێنێت و ئه‌وانى ديكه له ژێر چاودێرى ئاژانسى نێوده‌وڵه‌تى وزه‌ى ناووكى بخاته كۆگاوه. چاودێرى: ئاژانسى نێوده‌وڵه‌تى وزه‌ى ناووكى ده‌سه‌ڵاتى زياترى پێ ده‌درێت و له ناوخۆى ئێرانه‌وه چاودێرى هه‌موو دامه‌زراوه ناووكييه‌كانى ئێران ده‌كات. ئه‌و ئاژانسه چاودێرى ده‌رهێنان و پيتاندن و توێژينه‌وه زانستييه‌كانى تايبه‌ت بۆ يۆرانيۆم ده‌كات. هه‌روه‌ها سه‌ردانى كانه‌كانى ده‌رهێنانى يۆرانيۆم و زه‌رده كێكى يۆرانيۆمى ده‌كات و بۆ ماوه‌ى 25 ساڵ نابێت ئێران ده‌ستبهێنێته رێگه‌ى. پلۆتۆنيۆم: به گوێره‌ى رێككه‌وتنه‌كه ئێران بۆى نييه مادده‌ى پلۆتۆنيۆم 239 به‌رهه‌م بهێنێت، چونكه ئه‌و مادده‌يه يه‌كێكه له پێويستييه‌كانى بۆمبى ناووكى. دامه‌زراوه‌ى ئاوى قورس كه ئێستا له ناوچه‌ى ئاراك سه‌رقاڵى بنياتنانييه‌تى، ده‌بێت بيگۆڕێت بۆ ئه‌وه‌ى تێيدا پلۆتۆنيۆمي جۆرى سه‌ربازى به‌رهه‌م نه‌هێنرێت. هه‌تا 15 ساڵى ديكه ئێران بۆى نييه وێستگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى ئاويى قورس دابمه‌زرێنێت. سزاكان: ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى به په‌له كۆده‌بێته‌وه و بڕيارێك ده‌رده‌كات و رێككه‌وتنه‌كه په‌سند ده‌كات و هه‌موو ئه‌و بڕيارانه‌ى پێشتر دژى به‌رنامه‌ى ناووكى ئێران ده‌رى كردبوون هه‌ڵيان ده‌وه‌شێنێته‌وه. هه‌موو سزا ئابوورى و داراييه‌كانى سه‌ر ئێران و سامانه سرووشتييه‌كانى ئێران له لايه‌ن ئه‌مريكا و ئه‌وروپاوه هه‌ڵده‌گيرێن، دواى ئه‌وه‌ى ئاژانسى نێوده‌وڵه‌تى وزه‌ى ناووكى راپۆرتى خۆى ئاماده ده‌كات و جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه له لايه‌ن ئێرانه‌وه ده‌سه‌لمێنێت. سزاكانى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر بوارى بازرگانى سه‌ربازى و كڕينى چه‌ك له لايه‌ن ئێرانه‌وه له ماوه‌ى پێنج ساڵى داهاتوو هه‌ڵده‌گيرێن، به‌ڵام ئه‌و موشه‌كانه‌ى كڵاوه‌ى ناووه‌كى و موشه‌كى باليستيين رێگه نادرێت ئێران بيانكڕێت.