كێ كۆمه‌كی كولتوور ده‌كات؟ به‌شی یه‌كه‌م
دۆستی دێرینم مامۆستا ته‌ها ڕه‌سووڵ، به تێلیفۆن پێشنیازێكی پێ ڕاگه‌یاندم، پێشنیازێك كه شادمانی كردم، هاوكات تووشی سه‌رسوڕمان و گه‌شكه‌ی كردم.
پێی گوتم: له كۆتایی حه‌فتاكاندا، نمایشی شانۆنامه‌ی «پردی ئارتا»م بینی، ئه‌و نمایشه كه تۆ ده‌رهێنه‌ری بوویت، زۆر پێی سه‌رسام بووم و له یاده‌وه‌ریمدا جێگه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه.
ئێستا كه ده‌ستڕۆ و ده‌وڵه‌مه‌ندم، حه‌ز ده‌كه‌م به‌رهه‌مێكی شانۆیی له چه‌شنی شانۆگه‌ریی «پردی ئارتا» ئه‌نجام بده‌یت.
ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم، ده‌زانم مامۆستا ته‌ها ڕه‌سووڵ له ڕێگه‌ی دەزگای ڕۆشنبیریی «جه‌مال عیرفان»ه‌وه، كۆمه‌ڵیك كتێبی چاكی به چاپ گه‌یاندووه، گه‌لێك چالاكیی ئه‌ده‌بی و هونه‌ریی ئه‌نجام داوه، ده‌ستگیرۆیی پرۆژه‌ی چه‌ندین هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر و تیپی شانۆیی كردووه، ئه‌مه‌ش له‌م دۆخه سه‌خت و قه‌یرانه ئابووریه‌ی ئێستاد، جێگه‌ی ڕێز و ستایشه، مایه‌ی ده‌ستخۆشی و به‌رزنرخاندنه.
پێشتر نه‌مبیستووه، له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا كه‌سێكی ده‌ستڕۆ و ده‌وڵه‌مه‌ند، تێلیفۆن بۆ ڕیژیسۆر» ده‌رهێنه‌ر»ێكی شانۆ بكات، وه‌كو مزگێنییه‌ك پێی بڵێت: ئه‌گه‌ر پرۆژه یان خه‌ونی ئه‌نجامدانی نمایشێكی شانۆییت هه‌یه، له ڕووی داراییه‌وه كۆمه‌كت ده‌كه‌م.
ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی مامۆستا ته‌ها ڕه‌سووڵ، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی دڵخۆشكه‌ری دیكه‌ی هێنایه‌وه یادم: حه‌وت ساڵ به‌ر له ئێستا، به دیده‌نی مامۆستا عوسمان فه‌ره‌ج، كه به‌رپرسی كۆمپانیای «ئاسای سێل»ـه شاد بووم. من پێشنیازی ئه‌وه‌م بۆ كرد، كه له كه‌ركووك شانۆیه‌ك بۆ منداڵان دروست بكات. مامۆستا عوسمان فه‌ره‌ج پێشنیازهكهمی زۆر پێ باش بوو، مه‌رجه‌كه‌ی ئه‌وه بوو كه من خۆم ڕاسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتیی بكه‌م، به‌داخه‌وه بارودۆخی ژیانی من ڕێگه‌ی پێ نه‌دام كه له نزیكه‌وه هاوكاری بم.
له‌م ڕۆژانه‌دا به ڕێكه‌وت، چاوم به كاك عوسمان كه‌وت، پێی گوتم: من له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كه‌ی خۆم ماوم، پێم خۆشه پرۆژه‌ی شانۆیه‌ك له كه‌ركووك بۆ منداڵان جێبه‌جێ بكه‌م. زۆرم پێ خۆش بوو، كه به‌رێزیان تاكو ئێستایش ئه‌م پرۆژه‌یه‌یان له‌بیره.
ره‌نگه كه‌م میلله‌ت هه‌بێت به ئه‌ندازه‌ی میلله‌تی كورد، له بونیاتنانی كولتوور و بزاڤی ڕۆشنبیریدا، پێویستی به كۆمه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی خۆی هه‌بێت.
تۆ بڵێیت له فه‌رهه‌نگی ئێمه‌دا ئه‌م جۆره ده‌ستپێشخه‌ری و هه‌نگاوه گرینگه، هه‌روه‌كو چۆن له فه‌رهه‌نگی جیهاندا باوه، ببێت به كولتوورێكی باو؟ هه‌رچۆنێك بێت، ده‌بێت كار بۆ به‌دیهێنانی بكه‌ین.
ئه‌م دوو نموونه‌یه و ڕه‌نگه لای ئێوه‌یش نموونه‌ی دیكه هه‌بن، به‌ڵام به‌داخه‌وه نموونه‌ی له‌م جۆره هێشتا ده‌گمه‌ن و ناوازه‌ن. چونكه به‌رانبه‌ر به‌مه نموونه‌ی نه‌رێنی زۆرترن.
كه ڕاگری كۆلێژی هونه‌ر بووم، به مه‌به‌ستی چاككردنی بارودۆخی ناهه‌مواری كۆلیژه‌كه، پێوه‌ندیم به چه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ندێكه‌وه كرد، داوای كۆمه‌كم لێ كردن، سه‌ره‌تا سه‌ردانی ژووری بازرگانیم كرد، داوای یارمه‌تیم لێ كردن. هه‌موو كه‌موكوڕییه‌كانی كۆلێژه‌كه‌م باس كرد، كۆشك و ته‌لاری خراپ، ژینگه و بارودۆخی نه‌گونجاو، نه‌بوونی كلاس و هۆڵی ڕاهێنان… هتد.
ئه‌م پرسیاره‌م ئاراسته‌ی زۆربه‌یان كرد: پێتان ڕه‌وایه كۆلیژێكی كهلاوهئاسا له‌ناو پایته‌ختی قه‌شه‌نگی كوردستاندا هه‌بێت؟ ئایا ئه‌و كوردستانه‌ی ئێمه، به چه‌شنی وڵاتانی جیهان شایسته‌ی كۆلیژێكی جوان و قه‌شه‌نگ نییه؟ كۆلیژی هونه‌ر له وڵاتانی دونیادا جوانترین كولێژن، مۆزه‌خانه‌ن له جوانیدا، به‌ڵام كۆلیژهكهی ئێمه له زانكۆی سه‌لاحه‌دین، دزێوترین و ناقۆڵاترین كۆلیژه.
كاتێك شاند و گه‌شتیارانی بیانی، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و خویندنی باڵا ده‌كه‌ن، به‌ر له هه‌موو شوێنێك، داوا ده‌كه‌ن سه‌ردانی كۆلیژی هونه‌ر بكه‌ن، كه ڕووم لێ ده‌نێن سه‌ردانی كۆلیژ بكه‌ن، له‌لای خۆمه‌وه له‌رزم لێ دێت، ده‌زانم ئه‌وان تووشی شۆك و ئێمه تووشی شه‌رمه‌زاری ده‌بین.
به‌ڵام ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان تێكڕا ده‌یانگوت: ئه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ئیشی چییه؟ ئه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری بۆ نایكات؟ بۆ حكوومه‌ت كه‌م پاره‌ی هه‌یه؟
ئه‌مجا له‌وه گه‌یشتم كه به‌داخه‌وه، ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ئێمه له‌وه ناگه‌ن، كه كولتوور له جیهاندا، ته‌نیا حكوومه‌ته‌كان گه‌شه‌ی پێ ناكه‌ن، كولتوور و بزاڤی ڕۆشنبیری له هه‌ر وڵاتێكدا، به‌رله‌وه‌ی ئه‌ركی سه‌ر شانی وه‌زاره‌ت و حكوومه‌ت بێت، خه‌ڵك خۆی په‌ره به كولتوور ده‌دات، حكوومه‌تیش به‌شداری ده‌كات. هه‌موو كه‌سێكی ده‌ستڕۆ ده‌بێت به‌شداری بكات له بونیاتنان و كۆمه‌ككردنی كولتووردا، ده‌بێت باجێك بدات به كولتوور!
لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئاماژه به كولتووری ڕووسی بكه‌م، زۆربه‌مان كه‌م تا زۆر شاره‌زای گه‌شه و ده‌وڵه‌مه‌ندیی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ڕووسین، به‌ڵام ڕه‌نگه كه‌م له ئێمه ئه‌وه بزانن، كه ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ڕووسی، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، به هۆی كۆمه‌ك و ده‌ستپێشخه‌ریی چینی ده‌وڵه‌مه‌ند و ئه‌رستۆكراته‌وه گه‌شه‌ی كردووه. ده‌وڵه‌مه‌ند و ئه‌رستۆكراته‌كانی ڕووسیا هه‌میشه به‌وه ناسراوبوون كه پێوه‌ندییه‌كی پته‌ویان به بزاڤی ڕۆشنیرییهوه هه‌بووه. ڕۆڵی ئه‌وان له‌و بواره‌دا هه‌میشه ڕۆڵی ده‌وڵه‌تی تێده‌په‌ڕاند.
لێره‌دا به باشی ده‌زانم نموونه‌یه‌ك بهێنمه‌وه.
په‌یمانگای باڵای مۆزیك له مۆسكۆ، ئه‌و په‌یمانگایه‌ی كه سه‌تان بلیمه‌تی موزیكی پێگه‌یاندووه كه پاشتر له جیهانی موزیكدا بوون به ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه، به كۆمه‌ك و هاریكاریی چه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ندێكی ڕووس هاته دامه‌زراندن. دامه‌زرێنه‌ی كۆلیژه‌كه «نیكۆلای ڕۆبنشتاین» له‌گه‌ڵ بیانۆژه‌نی ناسراو «ئه‌نتوان ڕۆینشتاین»ی برای، پێوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌مه‌ندان و چینی ئه‌رستۆكراتی مۆسكۆی ئه‌و سه‌رده‌مه دروست كردبوو. نیكۆڵای ڕۆبنشتاین له ئه‌نجامدا توانی له ڕێگه‌ی كۆمه‌ك و ده‌ستگیرۆیی چه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ندێك كۆلیژێك بۆ موزیك دابمه‌زرێنێت، كه به یه‌كێك له كۆلیژه هه‌ره گرینگه‌كانی موزیك له جیهاندا داده‌نرێت.
یه‌كێك له پرۆفیسۆره‌كانی ده‌سته‌ی یه‌كه‌می مامۆستایانی كۆلیژه‌كه، بلیمه‌تی موزیكی سیمفونی ڕووسی» چایكۆڤسكی» بوو. ئێستا كه ته‌مه‌نی ئه‌م كۆلیژه خۆی له سه‌ت و په‌نجا ساڵ ده‌دات، نزیكه دوو سه‌ت هونه‌رمه‌ندی ناوداری موزیكی به جیهان به‌خشیوه، له‌ناو ئه‌و ناودارانهدا سیمفۆنیستی بلیمه‌ت» سیرگێی ڕهحمانینۆف» تاكه نموونه‌یه‌كه