نایجیریا.. نزیكەى 200 منداڵ و ژن لە دەستى بۆكۆحەرام رزگاركران

توانرا 178 بارمتە ئازاد بكرێن و لە ناو بارمتەكاندا 101 منداڵ و 67 ژن هەن.

سوپاى نایجیریا رایگەیاند، هێزەكانیان توانیویانە 178 بارمتەى دەستى "بۆكۆحەرام"، كە زۆربەیان منداڵ و ژنن ر‌زگار كراوون و بەرپرسێكى باڵاى ئەو گرووپە ئیسلامییەش دەستگیر كراوە.

توكور گۆساو، گوتەبێژى سوپاى نایجیریا، لە بەیاننامەیەكدا، رایگەیاند، لە پرۆسەیەكى سەربازییدا، كە لە ناوچەیەكى باكوورى خۆرهەڵاتى وڵات ئەنجامدرا، توانرا 178 بارمتە ئازاد بكرێن و لە ناو بارمتەكاندا 101 منداڵ و 67 ژن هەن.

هەروەها لە بەیاننامەكەدا هاتووە: لەو پرۆسە سەربازییەدا توانراوە یەكێك لە سەركردەكانى گرووپى "بۆكۆحەرام" دەستگیر بكرێت.

سوپاى نایجیریا ئەوەشى بڵاوكردووەتەوە، لە ماوەى چەند مانگى رابردوودا هێزەكانیان توانیویانە سەدان منداڵ و ژن لە دەستى گرووپى بۆكۆحەرام رزگار بكەن.

سەرچاوە: AP