ئەردۆغان: پۆتین پشت لە بەشار ئەسەد دەكات

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركیا رایگەیاند، ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆكى رووسیا بەرەو ئەوە دەچێت پشت لە بەشار ئەسەد بكات.

 K24- هه‌ولێر

 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركیا رایگەیاند، ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆكى رووسیا بەرەو ئەوە دەچێت پشت لە بەشار ئەسەد بكات.

ئەردۆغان، لە كاتى گەڕانەوەى لە گەشتێكییدا بۆ چیین و ئەندۆنیزیا رایگەیاند، "ڤلادیمێر پۆتین چیدى ناڵێت وڵاتەكەى پشتیوانى سووریا دەكات تا كۆتایى و لەو بڕوایەدام، ئەو بەرەو ئەوە دەچێت پشت لە بەشار ئەسەدى سەرۆكى سووریا بكات".

پۆتین و ئەردۆغان، لە مانگى حوزەیران/یۆنیۆى رابردوو، لە پەراوێزى ئاهەنگى دەست پێ كردنى یارییەكانى ئەوروپا لە باكۆى پایتەختى ئازەربایجان كۆبوونەوە و بە درێژیى باسى رەوشى نوێى ناوچەكە و داهاتووى سووریایان كرد.

رۆژنامەكانى توركیا، لە زارى ئەردۆغانەوە بڵاویان كردەوە، ناوبراو ئەوەشى گوتووە، كە پۆتین "هەڵوێستى خۆى لە بارەى سووریاوە گۆڕیوە".

سەبارەت بە شەڕى دژ بە "تیرۆر"یش كە حكومەتى توركیا لە چەند رۆژى رابردوودا رایگەیاندووە، ماڵپەڕى فرانس 24 نووسیویەتى: "ئەو شەڕە لە بنەڕەتدا دژى پارتیى كرێكارانیى كوردستانە و رێكخراوى دەوڵەتى ئیسلامییش دەگرێتەوە".

ماڵپەڕەكە ئەوەشى نووسییوە: "ئەگەر لە كردە سەربازییەكانى سوپاى توركیا وردبینەوە، دەبینین، تەنیا 3 غارە كراوەتە سەر داعش و زۆرینەى رەهاى بۆردومانەكانى توركیا دژ بە بنكە و بارەگاكانى پارتیى كرێكارانیى كوردستان ئەنجام دراوە".