ستیڤن هاوکینگ هەوڵی خۆكوشتنی داوە

K24- ههولێر
پڕۆفیسۆر ستیڤن هاوکینگ گەورە زانای جیهان ئاشکرایکرد کە پێشتر بیری لە خۆکوشتن کردووەتەوە، بەڵام ويستوويەتی پێش مردنی دۆزینەوەیەکی گەورەی لە گەردووندا هەبێت.
ئەو زانایەی فیزیا، کە تووشی نەخۆشیی MND بووە و بەهۆیەوە ناتوانێت بجووڵێت و تەنها چاوی دەجووڵێت و مێشکیشی کاردەکات و بەهۆی ئامێرێکەوە بیرکردنەوەکانی دەکرێن بە قسە.
ئەو زانایە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی BBC وتی ''هێشتنەوەی کەسێک لە ژیاندا دژ بە ویستی خۆی بێحورمەتیکردنە پێی.'' وتیشی: ''تەنها کاتێک خۆم دەکوژم کە ئازارێکی زۆرم هەبێت، یان هەست بکەم هیچم نییە بیبەخشم و بوومەتە بار بەسەر کەسانی دەوروبەرمەوە.''
ئەو گەردوونناسە تەمەنی ٧٣ ساڵە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەساڵی ٢٠٠٣ بە BBC وتبوو: ''ئێمە ناهێڵین ئاژەڵەکان ئازار بچێژن، ئیتر بۆ بهێڵین مرۆڤەکان ئازار بچێژن.'' هاوکینگ "پێيوایە ئەو کەسانەی کە بەهۆی نەخۆشییەوە دەتلێنەوە و ئازارێکی زۆریان هەیە، دەبێت مافی ئەوەیان پێ بدرێت کە کۆتایی بە ژیانی خۆیان بێنن و ئەو کەسانەشی کە یارمەتییان دەدەن نابێت سکاڵایان لەسەر تۆمار بکرێت.'' سەبارەت بە خۆیشی دەڵێت: "زەرەرمەند دەبم ئەگەر بمرم و دۆزینەوەیەکی گەورەم لە گەردووندا نەکردبێت.''
هاوکینگ لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا تووشی حاڵەتێک بوو کە چارەسەری نەبوو. ئەو نەخۆشانەی کە تووشی نەخۆشی MND یان ALS دەبن تەنیا ٥% یان زیاتر لە ١٠ ساڵ زیندوو دەمێننەوە لە دوای ئەوەی نەخۆشییەکەیان دەستنیشان دەکرێت.