عەقڵێکی دەستکرد دروست كرا

ژمارەیەک لە زانایانی روسیا داهێنانێکی نوێیان لە بواری تەکنەلکۆژیادا کرد و توانییان عەقڵێکی دەستکرد دروست بکەن.

K24- هه‌ولێر

 

ژمارەیەک لە زانایانی روسیا داهێنانێکی نوێیان لە بواری تەکنەلکۆژیادا کرد و توانییان عەقڵێکی دەستکرد دروست بکەن.

ماڵپەڕی RT لە زاری ئۆلیگ فارمالۆف پڕۆفیسۆر لە پەیمانگای مۆسکۆ بۆ ئۆتۆمبێل بڵاوی کردووەتەوە، زانایان توانیویانە عەقڵێکی دەستکرد (ڕۆبۆت) دروست بکەن کە لە توانایدایە شۆفێری ئۆتۆمبێل بکات و فڕۆکەوانیی فڕۆکە بێت.

پڕۆفیسۆرەکە وتوویەتی، رۆبۆتەکە دەتوانێت هاوکێشە ماتماتیکییەکانی پۆلی حەوتەم لێکبداتەوە، ئێستاس فێری ئەوە دەکرێت کە وەڵامی پرسیاری تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلەکانی ناوەندیی بداتەوە.

ئەم رۆبۆتە نوێیە تەنها ئەو زانیارییانە نابەخشێت کە هەیەتی، بەڵکو بۆ خۆشی بەکاری دەهێنێت لەو رەوشە جیاوازانەی کە رووبەڕووی دەبێتەوە و ئەو پرسیارانەی لێی دەکرێت.

پڕۆفیسۆرەکە ئاماژەی بەوە کردووە عەقڵە دەستکردەکان تا ئێستا پشت بە شێوەی لۆژیکی پیاوانە دەبەستن، بەڵام ئەمان دەیانەوێت ئەم عەقڵە دەستکردە فێری شێوەی لۆژیکی ئافرەتانیش بکەن کە لە پیاوان ئاڵۆزترە، مەبەست لەمەش کۆنتڕۆڵکردنی هەستەکانە.

هەروەها عەقڵەکە فێری دەربڕینی چەند هەست و سۆزێکیش دەکرێت، وەک توانای تەنز و گاڵتەکردن و تێگەیشتنی شێوە دەربڕینی قسەکان.

تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانی عەقڵی دەستکرد هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانییەتی و بۆ گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی پڕۆژەیەک چەندین ساڵی دەوێت، چونکە ئەم جۆرە عەقڵە دەستکردە وێنەی نییە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.

پێشتریش هەریەک لە ستیڤن هۆکینگ زانای فیزیا و بیڵ گیتس خاوەنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت نیگەرانی خۆیان بەرامبەر دروستکردن و گەشەدان بە عەقڵی دەستکرد دەربڕیوە، چونکە ئەگەر تەکنەلۆژیای عەقڵی دەستکرد بەم شێوەیە گەشە بکات، دوور نییە لە ماوەی نیو سەدەدا جیهان کۆنتڕۆڵ بکەن.