داعش ده‌ستى چووه‌ته‌ خوێنى 3000 هاووڵاتى سوريا

له‌ ماوه‌ى يه‌ك ساڵى ته‌مه‌نى "خيلافه‌ت"ه‌كه‌يدا چه‌كدارانى سه‌ر به‌ رێكخراوى "ده‌وڵه‌تى ئيسلامى" 3000 كه‌سيان له‌ سێداره‌ داوه‌.

K24- هه‌ولێر

 

له‌ ماوه‌ى يه‌ك ساڵى ته‌مه‌نى "خيلافه‌ت"ه‌كه‌يدا چه‌كدارانى سه‌ر به‌ رێكخراوى "ده‌وڵه‌تى ئيسلامى" 3000 كه‌سيان له‌ سێداره‌ داوه‌.

روانگه‌ى سوريا بۆ مافه‌كانى مرۆڤ رايگه‌ياند، له‌ 29ى حوزه‌يرانى ساڵى رابردووه‌وه‌ تا ئێستا چه‌كدارانى داعش 3 هه‌زار كه‌سيان به‌ شێوازى جياجيا له‌ سێداره‌ داوه‌.

روانگه‌كه‌، روونيكردووه‌ته‌وه‌، له‌و ژماره‌يه‌، يه‌ك هه‌زار و 787 كه‌س هاووڵاتى مه‌ده‌نى بوون و له‌ ناويشياندا 74 منداڵ و 86 ژن هه‌ن.

به‌ گوێره‌ى زانيارى ئه‌و روانگه‌يه‌، چه‌كدارانى داعش ته‌نيا له‌ سوريا ئه‌و ژماره‌يه‌ له‌ سزاى كوشتنيان به‌سه‌ر خه‌ڵكدا جێبه‌جێكردووه‌.

له‌ 29ى حوزه‌يرانى 2014، رێكخراوى "ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ عێراق و شام -داعش" له‌ موسڵه‌وه‌ بڕياريدا، له‌ ژێر ناوى "خيلافه‌تى ئيسلامى" فه‌رمانڕه‌وايه‌تى ئه‌و ناوچه‌ سوننه‌ نشينانه‌ بكات كه‌ له‌ عێراق و سوريا داگيرى كردوون.