عەبادى پۆستى جێگرانى سێ سەرۆكایەتییەكەى هەڵوەشاندەوە

حەیدەر عەبادى، سەرۆك وەزیرانى عێراق، بە مەبەستى ئەنجامدانى "چاكسازى" ژمارەیەك بڕیارى نوێى دەركرد

 K24 – به‌غدا:

حەیدەر عەبادى، سەرۆك وەزیرانى عێراق، بە مەبەستى ئەنجامدانى "چاكسازى" ژمارەیەك بڕیارى نوێى دەركرد و پۆستى جێگرانى سێ سەرۆكایەتییەكەى هەڵوەشاندنەوە.

لە شارەكانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق، خۆپیشاندانى جەماوەرى بۆ داواكردنى "چاكسازى" و "بەگژداچوونەوەى گەندەڵى" ئەنجامدران.

لە یەكەم كاردانەوەیدا، سەرۆك وەزیرانى عێراق، بڕیاری دا، پۆستى جێگرانى هەر سێ سەرۆكایەتى عێراق هەڵبوەشێنێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە (9.8.2015)، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بە سەرۆكایەتى حەیدەر عەبادى كۆبوونەوەیەكى نائاسایى ئەنجام دا.

لە كۆبوونەوەكەدا، بڕیار درا، پۆستى جێگرەكانى هەریەك لە سەرۆكى وەزیران و سەرۆكى كۆمار و سەرۆكى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق هەڵبوەشێندرێنەوە.

هەندێك لە بڕیارەكانى سەرۆك وەزیران پێویستییان بە رەزامەندى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و بڕیارى دادگاى باڵاى دەستوورى لە وڵاتدا هەیە.

یەكێكى دیكە لە بڕیارەكانى حكومەت، دەستبەجێ كەمكردنەوەى ژمارەى پاسەوانى بەرپرسانى سیاسى و یاسایى و ئەمنى عێراقە.

پێشتر مەرجەعییەتى زۆرینەى شیعەكانى عێراق، ئایەتوڵڵا عەلى سیستانى داوایكردبوو، حكومەتى عێراق بڕیارى "ئازایانە" بدات بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى لە وڵاتدا.

لە بەغدا و شەش پارێزگاى باشوورى وڵاتدا هاووڵاتییان لە خۆپیشاندانەكانییاندا داواى خزمەتگوزارى و ئەنجامدانى چاكسازییان لە كاروبارى ئیدارى عێراقدا دەكرد.

لە بڕیارێكى دیكەیدا، سەرۆك وەزیرانى عێراق، رەزامەندى دەربڕیوە بۆ هەڵدانەوەى ئەو دۆسییانەى تایبەتن بە گەندەڵى و بڕیارەكە مەرجدار نەكراوە و هەموو دۆسییەكانى ئێستا و رابردووى بەرپرسانى وڵات دەگرێتەوە.