نور شه‌ریف كۆچى دوایى كرد

K24 – ھەولێر
نور شه‌ریف، ئه‌كته‌رى سینه‌مایى میسرى، له ته‌مه‌ن 74 ساڵید له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانى قاهیره به نه‌خۆشى كۆچى دوایى كرد.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (11-8-2015) "سامح سریتی"به‌رپرسی سه‌ندیكانی هونه‌رمه‌ندانی میسر"، رایگه‌یاند: "نور شه‌ریف، ئه‌كته‌ری به‌ناوبانگی میسری، دوای ململانێكی درێژی له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌كه‌یدا له ته‌مه‌نی 74 ساڵیدا له نه‌خۆشخانه‌ی سه‌فا له گه‌ره‌كی ئه‌ندازیارانی شاری قاهیره كۆچی دوایی كرد".
ئاشكراشی كرد: "بڕیاره سبه‌ی چوارشه‌ممه، مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی ته‌رمه‌كه‌ی له مزگه‌وتی "ئه‌لشرته" له گه‌ره‌كی "سته ئۆكتۆبه‌ر" به‌ڕێوه‌بچێت".
نور شه‌ريف، ناوى ته‌واوى "محه‌مه‌دى كوڕى جابرى كوڕى محه‌مه‌ده"، له 28 نيسانى 1946 له پارێزگاى "ئه‌لمنيا" له شارى قاهيره‌ى پايته‌ختى وڵاتى ميسر له‌دايك بووه.
له ساڵى 1966 بۆ يه‌كه‌مجار ده‌ستى كردووه به كارى سينه‌مايى، يه‌كه‌م كاريشى به‌شداركردنى بوو له فيلمى "قه‌سر شه‌وق"، له ساڵى 1967 توانويه‌تى بڕوانامه‌ى دبلۆم له "په‌يمانگاى باڵاى هونه‌رى شانۆ" به پله‌ى "ناياب" به‌ده‌ست بهێنێت، له‌ساڵى 1999 بۆ يه‌كه‌مجار فيلمنامه‌ى "ئاشقان"ى پێشكه‌ش كرد.
هه‌روه‌ها به‌شدارى له چه‌ندين زنجيره دراماى ميسر كردووه له‌وانه (لن أعيش في جلباب أبى، الرجل الأخر، عائله الحاج متولي، هارون الرشيد و عمر بن عبدالعزيز...).
نور شه‌ريف، له ماوه‌ى كارى هونه‌ريدا، هاوسه‌رگيرى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند "بوسى" ده‌كات، دوو كچى لێ ده‌بێت به ناوه‌كان "ساره و مى"، به‌رده‌وام ده‌بن له‌گه‌ڵ يه‌كتر تا ساڵى 2006 به‌ڵام دواتر جيا ده‌بنه‌وه، له دوا ساته‌كانى ته‌مه‌نى له‌ساڵى 2015 بۆ جارى دووه‌م ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ لاى يه‌كترو ئاشتده‌بنه‌وه، به‌ڵام نور شه‌ريف، به‌هۆى تووشبوونى به نه‌خۆشيه‌كى كوشنده ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ماڵئاوايى له ژيانى دونيا كرد.