پارتى: هێشتا ههلێك ماوه بۆ سازان

K24 – ھەولێر
پارتى نەسازان و قەیرانی سەرۆكایەتی دەگەڕێنێتەوە بۆ "ھەوڵی كودهتا و خۆ سەپاندنی ھەندێ لایەن بەسەر لایەنی بەرامبەردا" .
دوێنێ ههينى (14-8-2015) بە سەرۆكایەتی "مەسعود بارزانی" سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە كۆبوونەوەیەكی نائاساییان ئەنجامدا، بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو و دەرچوون لەو قەیرانەی ھەرێمی كوردستانی تێكەوتووە.
دوای كۆبوونەوەكە، ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و لە بەشێكی بەیاننامەكەدا ئاماژە دراوە بە 23 ی حوزەیران و تیایدا ھاتووە: "ئا لەو كاتە ھەستیارەدا بە پلان بۆ داڕێژراوی لایەنێكی ناسراو، كودەتا كرا، دژ بە كۆدەنگی و یەكڕیزی لە پەرلەمانی كوردستان".
ھەر لەو بەیاننامەیەدا ھاتووە: "ھێشتا ھەل لە دەست نەچووە و دەكرێ كۆدەنگی و یەكڕیزی بونیاد بنرێتەوە" .
لەلایەكی ديكهوه مەکتەبی سیاسیی پارتی، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەكەیانەوە، بەیاننامەکیان بڵاوكردەوە كە لە بەشێكیدا ھاتووە: "مەبەست لە گەلەکۆمەکی ٢٣ی حوزەیران پەراوێز خستن و شکاندنی ئیرادەی پارتی و خۆ سەپاندن بوو، چاوەڕوانیمان وابوو کە لەو کاتەی میللەتەکەمان بە ھۆی ئابڵوقە و گوشار و جەنگ و نەداری و قەیرانە جۆراوجۆرەکانەوە لە تەنگژە و نارەحەتیدایە، پرسی سەرۆکی هەرێم نەکرێتە تەنگژە و قەیرانێکی سەربار، بەڵکو دەبوا لە جێی قەیران خوڵقاندن، ھەموو پێکەوە لە خەمی کەمکردنەوەی مەینەتیەکانی سەرشانی گەلە خۆڕاگرەکەماندا بین".