بارزانی بۆ حزبەکان: چی بە باشی بزانن بڕیاری لەسەر بدەن

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا داوا لە لایەنەکان دەکات کە کۆتایی بەم قەیرانە سیاسییە بهێنن کە کوردستانی تێ کەوتووە.

K24- هەولێر
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا داوا لە لایەنەکان دەکات کۆتایی بەم قەیرانە سیاسییە بهێنن کە کوردستانی تێ کەوتووە.
ئەمڕۆ پەکشەممە (16.8.2015) لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، داوا لە حیزبەکان دەکات کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنن و دەڵێ: "داوا لە هەموو ئەو حزبانە دەكەم كە لەناو حكوومەت و پارلەمانن و ئەوانەی مۆڵەتی یاساییان هەیە، كە بەر لە 20ـی 8 كۆ ببنەوە و هەر چی بە باشی بزانن و بۆ بەرژەوەندیی وڵاتەكە و كۆتایی هێنان بە قەیرانەكە بڕیاری لەسەر بدەن بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێت".
داواش دەکات دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی دروست بکات لە نێوانیاندا.
ڕۆژی 23ی حوزەیران، ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، جیا لە پارتی دیموکراتیی کوردستان و 11 کۆتاکەی لایەن و نەتەوە جیاجیاکان، دەنگیان بە هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی دا، لە دەرئەنجامدا گرژی لە نێوان لایەنەکان دروستبوو، گەیشتە ئاستێک کە چاودێران مەترسی شەڕێکی ناوخۆی دیکەیان لێ کردووە، بەڵام بارزانی لە پەیامێکدا کە دوێنێ بەبۆنەی ساڵیادی حیزبەکەی بڵاوی کردبووەوە گرەنتی ئەوەی داوە بە خەڵکی کوردستان كه‌ دۆخه‌كه‌ بگاته‌ هه‌ر ئاستێک، مەترسی لەوجۆرەی لێ ناکەوێتەوە.