نوێنه‌رێك: "مالكى هۆى سه‌ره‌كى كه‌وتنى موسڵه"

K24 – به‌غدا
ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، رايده‌گه‌يه‌نێت: سه‌رۆك وه‌زيرانى پێشوو، نورى مالكى هۆكارى سه‌ره‌كى كه‌وتنى موسڵه.
ماجد ئه‌لغه‌راوى، ئه‌ندامى ليژنه‌ى ئاسايش و به‌رگرى له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رايگه‌ياند، ناوى مالكى له پێشه‌وه‌ى ئه‌و ناوانه‌يه، كه ليژنه‌ى لێكۆڵينه‌وه له كه‌وتنى موسڵ له ليستێكدا پێشكه‌شى ئه‌نجومه‌نيان كردووه.
ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه، ليژنه‌ى لێكۆڵينه‌وه له كه‌وتنى موسڵ ناوى ئه‌و كه‌سانه‌ى به ليستێك به‌رز كرده‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، كه تێوه‌گلاوون له كه‌وتنى موسڵ.
ئه‌لغه‌راوى گوتى: "ليژنه‌كه ناوى تۆمه‌تباره‌كانى به‌رز كردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بۆ ئه‌وه‌ى ناوه‌كانيان ئاشكرا بكرێت و رووبه‌ڕووى ياسا و لێكۆڵينه‌وه بكرێنه‌وه".
روونيشيكرده‌وه، "مالكى ناوى له پێشه‌وه‌يه و به دواى ئه‌ويشدا وه‌زيرى پێشووى به‌رگرى، سه‌عدون دلێمى، سوپاسالارى عێراق بابه‌كر زێبارى، ياريده‌ده‌رى سووپاسالار بۆ كاروبارى سوپا و پرۆسه سه‌ربازييه‌كان، عه‌بدو قه‌نبه‌ر، فه‌رمانده‌ى پێشووى هێزه‌كانى وشكانى عه‌لى غه‌يدان، به‌ڕێوبه‌رى هه‌واڵگرى سه‌ربازى حاته‌م مه‌كسوسى، به‌ڕێوبه‌رى نووسينگه‌ى فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزه چه‌كداره‌كان، قاسم ئه‌عره‌جى، فه‌رمانده‌ى پرۆسه‌كانى نه‌ينه‌وا، باسم تائى و ژماره‌يه‌ك له به‌رپرس و فه‌رمانده ئه‌منيى و سه‌ربازييه‌كانى نه‌ينه‌وا و خودى پارێزگارى شاره‌كه ئه‌سيل نوجێفى تۆمه‌تبارن.
ئه‌مڕۆ له هۆڵى راگه‌ياندنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ليژنه‌ى لێكۆڵينه‌وه له كه‌وتنى موسڵ، له كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانييدا راپۆرتى خۆى سه‌باره‌ت به دۆسيه‌ى موسڵ ئاشكرا كرد.
ليژنه‌كه رايگه‌ياند، ئه‌وان كاره‌كانى خۆيان ته‌واو كردووه و راپۆرته‌كه‌يان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه بۆ به‌رده‌ست سه‌رۆكايه‌تى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق.
به گوێره‌ى لێدوانى به‌رپرس و ئه‌ندامانى ليژنه‌كه له‌و راپۆرته‌دا ناوى ئه‌و كه‌سانه‌ى له كه‌وتنى موسڵ تێوه‌گلاون ئاشكرا كراوه.
عه‌باس ئه‌لخوزاعى، ئه‌ندامى ليژنه‌كه، رايگه‌ياند، له راپۆرته‌كه‌دا ناوى 35 تۆمه‌تبار هاتووه، كه تێوه‌گلاون له كه‌وتنى موسڵ.