به‌م رێگه‌یه قه‌ته‌ر وێنه‌ى خۆى جوان ده‌كات
K24- هەولێر
خراپى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كرێكاره بیانییه‌كان و به‌رتیل دان به یه‌كێتى نێوده‌وڵه‌تى تۆپى پێ بۆ ئه‌وه‌ى قه‌ته‌ر میواندارى مۆندیال له 2022دا بكات، وێناى قه‌ته‌ریان شێواندووه، ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌و وڵاته‌ش ده‌یانه‌وێت به‌م رێگه‌یه وێنه‌ى خۆیان جوان بكه‌ن.
له 2013ه‌وه كاتێك میر ته‌میم حه‌مه‌د كورسى ده‌سه‌ڵاتى گرته ده‌ست ستراتیژێكى داڕشتووه بۆ ئه‌وه‌ى وێناى وڵاته‌كه‌ى جوان بكات، به تایبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى تۆمه‌تبار كرا به پێشێلكردنى مافه‌كانى مرۆڤ و پشتیوانیكردنى رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان.
رۆژنامه‌ى "وۆل ستریت ژورناڵ" بڵاوی كرده‌وه، قه‌ته‌ر بۆ راستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كان و جوانكردنى وێناى خۆى سیاسه‌تێكى نوێى گرتووه‌ته به‌ر و بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و سیاسه‌ته‌ش به‌شێكى تایبه‌ت به په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كانى كردووه‌ته‌وه، كه 23 كه‌سى ده‌رچووى زانكۆكانى ئه‌مەریكا سه‌رپه‌رشتى ده‌كه‌ن.
ئه‌و به‌شه نوێیه به هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ئاژانسى پورتڵاندى بریتانى بۆ په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان و سێ ئاژانس و گرووپێكى فشارى ئه‌مریكایى كارده‌كات بۆ جێبه‌جێكردنى ستراتیژى به‌یه‌ك گه‌یاندنى حكومه‌تى قه‌ته‌ر.
ئه‌و به‌شه نوێیه دواى ئه‌وه كرایه‌وه، ئه‌مریكایى و سویسراییه‌كان تۆمه‌تى ئه‌وه‌یان خسته‌پاڵ قه‌ته‌ر، كه به‌رتیلى داوه‌ته یه‌كێتى تۆپى پێى جیهانى بۆ ئه‌وه‌ى له 2022 میواندارى جامى جیهانیى بكات.
پڕۆژه‌ى درووستكردنى یاریگاكانى جامى جیهانى ده‌ستى پێكردووه و رێكخراوه كرێكارییه‌كان و مافى مرۆڤ قه‌ته‌ر به پێشێلكردنى مافى كرێكاره بیانییه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
یه‌كێتى كرێكارانى جیهان قه‌ته‌ر به شاردنه‌وه‌ى مردنى 900 كرێكارى بیانى ته‌نیا له ماوه‌ى یه‌ك ساڵدا تۆمه‌تبار ده‌كات، به‌هۆى رێزنه‌گرتن له كرێكاران و كاركردنیان له ژێر گه‌رمایه‌كى به‌تیندا بۆماوه‌یه‌كى زۆر.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، حكومه‌تى قه‌ته‌ر ره‌تیكرده‌وه هیچ كرێكارێكى بیانى له‌ناو پرۆژه‌ى یاریگاكانى جامى جیهانى كۆچى دواییكردبێت.
به‌یاننامه‌كه، روونیشیكردووه‌ته‌وه، له‌و پڕۆژانه‌دا 5 ملیۆن كاتژمێر كاركراوه و تا ئێستا كه‌س گیانى له‌ده‌ست نه‌داوه.