عه‌لى باپير بۆ ديدارى لوتكه‌يى پێنج لايه‌نه‌كه هه‌وڵده‌دات

K24 – هه‌ولێر
عه‌لى باپير، ئه‌ميرى كۆمه‌ڵى ئيسلامى كوردستان، هه‌وڵێكى ده‌ست پێ كردووه، بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ركردايه‌تى هه‌ر پێنج لايه‌نى سه‌ره‌كى له هه‌رێمى كوردستان رازى بكات، كۆبوونه‌وه‌يه‌كى لوتكه‌يى بۆ چاره‌سه‌رى پرسى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام بده‌ن.
له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، دوێنێ ئه‌ميرى كۆمه‌ڵى ئيسلامى به ياوه‌رى كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى جێگرى سكرتێرى گشتيى يه‌كێتيى نيشتيمانيى كوردستان سه‌ردانى نه‌وشيروان مسته‌فا رێكخه‌رى گشتيى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانيان له گردى زه‌رگه‌ته‌ى شارى سلێمانيى كرد.
به گوێره‌ى ئه‌و زانيارييه رۆژنامه‌وانييانه‌ى ده‌ست ماڵپه‌ڕى (K24) كه‌وتوون، له ميانى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، عه‌لى باپير پێشنيازى ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌يه‌كى لوتكه‌يى خستووه‌ته به‌رده‌ست نه‌وشيروان مسته‌فا.
هاوكات كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى، جێگرى سكرتێرى گشتيى يه‌كێتيى نيشتيمانيى كوردستان داوايكردووه، لايه‌نه‌كان پرسى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم به گفتوگۆ و به‌يه‌كه‌وه سازان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
زانيارييه رۆژنامه‌وانييه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، نه‌وشيروان مسته‌فا مه‌رجى ئه‌وه‌ى خستووه‌ته‌ڕوو، كه خشته و ئه‌جێندانى كۆبوونه‌وه پێنج قۆڵييه‌كه پێش واده‌ى كۆبوونه‌وه‌كه ببينێت و سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان مه‌سعوود بارزانيى هه‌ڵوێستى خۆى سه‌باره‌ت به مانه‌وه‌ى له پۆستى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم بخاته‌ڕوو، ئاماده‌ى كۆبوونه‌وه‌كه ده‌بێت.
بڕياره رۆژى 19ى ئابى ئه‌مساڵ، ئه‌و واده‌يه كۆتايى پێ بێت، كه له 30ى حوزه‌يرانى 2013، له په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه وه‌ك ماوه‌ى درێژكراوه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌ستنيشان كرابوو.
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له دوا په‌يامييدا كه دوێنێ 16ى ئاب، ده‌ريكرد، داوايه‌كى ئاراسته‌ى هه‌موو لايه‌نه سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرد و رايگه‌ياند، پێويسته لايه‌نه‌كان كۆببنه‌وه و پێشنياز و چاره‌سه‌ريان بۆ پرسى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم بخه‌نه‌ڕوو و چى به باش ده‌زانن بڕيارى له باره‌وه بده‌ن.
چاوه‌ڕوانده‌كرێت، ئه‌ميرى كۆمه‌ڵى ئيسلامى كوردستان، زنجيره‌يه‌ك كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ريه‌ك له لايه‌نه‌كانى يه‌كێتيى نيشتيمانيى كوردستان، پارتى ديموكراتيى كوردستان، يه‌كگرتووى ئيسلاميى كوردستان ئه‌نجام بدات.