توركیا.. هەشت سەرباز كوژران و هێرش كرایە سەر كۆشكێكى ئەستەمبوڵ

له نزیك بارەگاى سەرەكى سەرۆك وەزیرانى توركیا دەنگى تەقە بسترا و پۆلیس رێگاكانى هاتوچووى بۆ ئەو ناوچەیە قەدەغەكرد

 K24 – ئه‌ستەنبوڵ

له نزیك بارەگاى سەرەكى سەرۆك وەزیرانى توركیا دەنگى تەقە بسترا و پۆلیس رێگاكانى هاتوچووى بۆ ئەو ناوچەیە قەدەغەكرد، هاوكات لە باكوورى كوردستانیش راگەیەندرا، لە ئاكامى پێكدادانى سوپاى توركیا و هێزەكانى پارتى كرێكارانى كوردستان 8 سەربازى توركیا كوژران.

ئاژانسى رۆیتەرز بڵاویكردەوە، دوا نیوەڕۆى ئەمڕۆ، لە نزیك كۆشكى "دۆڵمە بەهتچە"ى شارى ئەستەنبوڵ، كە بەناوبانگترین ناوچەى گەشتیارى توركیایە، دەنگى تەقە بیستراوە و ئەو شوێنەش نزیكە لە كۆشكى سەرۆك وەزیرانى ئەو وڵاتە.

كەناڵى "ئێن تى ڤى"ى توركیا بڵاویكردووەتەوە، هێزەكانى پۆلیس دوو كەسیان لە شوێنى رووداوەكە دەستبەسەر كردووە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئاژانسى هەواڵدەرى ئەنادۆڵ رایگەیاند، ژمارەیەك لە هێزەكانى پارتى كرێكارانى كوردستان، لە ناوچەى سوروجى باكوورى كوردستان هێرشیان كردووەتە سووپاى توركیا و بەو هۆیەوە 8 سەرباز كوژراوون و ژمارەیەكى دیكەى سەربازیش بریندار بوون.

حكومەتى توركیا لە 24ى تەمموزى رابردووەوە شەڕى دژ بە پارتى كرێكارانى كوردستان لە لایەك و چەكدارانى سەر بە رێكخراوى "دەوڵەتى ئیسلامى" لە لایەكى دیكەوە دەست پێ كردووە.