ئەفسەرە تۆمەتبارەكانى كەیسى موسڵ راپێچى دادگاى سەربازیى دەكرێن

حكومەتى سەرۆك وەزیران حەیدەر عەبادى، بەردەوامە لە دەركردنى بڕیارەكانى "چاكسازى" و وەزیرى بەرگرى ئەو حكومەتەش رایگەیاند،

 K24 بەغدا

حكومەتى سەرۆك وەزیران حەیدەر عەبادى، بەردەوامە لە دەركردنى بڕیارەكانى "چاكسازى" و وەزیرى بەرگرى ئەو حكومەتەش رایگەیاند، هەموو ئەو پلەدارە سەربازییانەى تۆمەتبارن بە كەو‌تنى موسڵ، راپێچى دادگاى سەربازیى دەكرێن.

هەریەك لە سوپاسالارى پێشووى عێراق، بابەكر زێبارى، جێگرى سوپاسالار و فەرماندەى پرۆسە سەربازییەكان، عەبود قەنبەر، و فەرماندەى پێشووى هێزە وشكانییەكان عەلى غەیدان و فەریق مەهدى ئەلغەراوى، فەرماندەى پرۆسەكانى نەینەوا  تۆمەتبار كراوون بە تێوەگلان لە دۆسیەى كەوتنى موسڵ و بە گوێرەى لێدوانى وەزیرى بەرگرى عێراق، خالد ئەلعوبێدى، هەموو ئەو پلەدارانە راپێچى دادگاى سەربازى دەكرێن.

رۆژى 9 و 10ى حوزەیرانى 2014، چەكدارانى سەر بە رێكخراوى "دەوڵەتى ئیسلامى - داعش" لە سووریاوە پەڕینەوە بۆ عێراق و توانیان شارى موسڵ، كە دووەم گەورە شارى عێراقە داگیر بكەن.

ئەلعوبەیدى گوتیشى: "وەزارەت ئەركى خۆى سەبارەت بەو پرسە رادەپەڕێنێت و هەموو ئەوانەى لە راپۆرتى لیژنەى لێكۆڵینەوە لە كەوتنى موسڵ ناویان هاتووە، راپێچى دادگاى سەربازى دەكرێن".

راپۆرتى لێكۆڵینەوە لە كەوتنى موسڵ، لە سەرەتاى ئەم هەفتەیەدا، لە لایەن لیژنەى لێكۆڵینەوەوە راگەیەندرا و بەرز كرایەوە بۆ سەرۆكایەتى ئەنجومەنى نوێنەران و ئەنجومەنەكەش دەقى راپۆرتەكەى ئاراستەى دەستەى دەستپاكى و دادگا كرد.

بە گوێرەى راپۆرتەكە، هەموو ئەو كەسانەى لە موسڵ و بەغداوە ئاگادارى پرسى كەوتنى موسڵ بوون، وەك تۆمەتبارى ئەو دۆسییەیە ناویان تۆمار كراوه.

بڵاوكردنەوەى دەقى راپۆرتەكە، لە كاتێكدایە، كە حكومەتى سەرۆك وەزیران، حەیدەر عەبادى رۆژانە بە دەركردنى ژمارەیەك بڕیارى چاكسازى، سووربوونى خۆى لەسەر بەگژداچوونەوەى گەندەڵى دەربڕیوە.