بۆ رزگاركردنى ئەنبار كۆبوونەوه و كردیانە شەڕە كورسیى‌

چەكدارانى سەر بە رێكخراوى "دەوڵەتى ئیسلامى" ناسراو بە داعش، 250 هەزار هاوولاتییان لە سنوورى پارێزگاى ئەنبار گەمارۆ داوە.

 K24 – بەغدا

چەكدارانى سەر بە رێكخراوى "دەوڵەتى ئیسلامى" ناسراو بە داعش، 250 هەزار هاوولاتییان لە سنوورى پارێزگاى ئەنبار گەمارۆ داوە.

سەرۆكى ئەنجومەنى پارێزگاى ئەنبار، سەباح كەرحوت، رایگەیاند، داعش لە ئەنبار 250 هەزار كەسیان لە دانیشتوانى ئەو پارێزگایە گەمارۆ داوە و دانیشتوانى مەدەنى ناوچەكە لە رەوشێكى ئەمنى و مرۆیى ناهەمواردان.

كرحوت، ئەو قسانەى لە میانى كۆنگرەیەكى تایبەت بە رزگاركردنى ئەنبارخستەڕوو، كە ئەمڕۆ لە میوانخانەى رەشیدى شارى بەغدا سازكرابوو.

كۆنگرەكە، بە پشتیوانى وڵاتانى عەرەبى و كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لە لایەن سەرۆكى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، سەلیم ئەلجبورییەوە، بە بەشدارى سەرۆك هۆزەكان و كەسایەتیەكانى ئەو پارێزگایە ساز كرابوو.

لە میانى كۆنگرەكەدا ژمارەیەك لە ئەندامان و كەسایەتییە بەشدارەكان كەوتنە وێزەى یەكدى و بە هۆى ناكۆكى سیاسى و رەخنەگرتنیان لە یەكدى، دژبە یەك هەڵسانە سەر پێى و بە كورسى هێرشیان كردە سەر یەكدى.

لە ئایارى رابردووەوە، چەكدارانى داعش توانیویانە بەتەواوى شارى روومادى ناوەندى پارێزگاى ئەنبار داگیر بكەن و سەرەڕاى هەوڵەكانى حكوومەتى عێراق، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە ئەو پارێزگایە بە تەواوەتى لە دەستى داعش رزگار بكرێت.