مالكى گەیشتەوە بەغدا

جێگرى لە كارلادراوى سەرۆك كۆمار، نورى مالكى، كۆتایى بە گەشتەكەى بۆ تاران هێنا و گەڕایەوە بەغدا و سەردانەكەى بۆ ئێران دواى ئەوە هات

 K24 – بەغدا

جێگرى لە كارلادراوى سەرۆك كۆمار، نورى مالكى، كۆتایى بە گەشتەكەى بۆ تاران هێنا و گەڕایەوە بەغدا و سەردانەكەى بۆ ئێران دواى ئەوە هات، كە سەرۆك وەزیرانى عێراق حەیدەر عەبادى بە بڕیارێك ناوبراوى لە پۆستى جێگرى سەرۆك كۆمار دوورخستەوە.

بەر لە چوونى بۆ تاران  و ئەنجامدانى دیدار لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتە، لە لایەن عەبادییەوە مالكى پۆستە سیادییەكەى هەڵوەشێنرایەوە و كوتلەكەشى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، هیچ بەرگرییەكیان بەرامبەر بە مانەوەى مالكى نەكرد.

لە كاتێكدا، كە مالكى لە تاران سەرقاڵى كۆبوونەوە بوو لەگەڵ بەرپرسانى ئێران، لە بەغدا لیژنەى لێكۆڵینەوە لە كەوتنى موسڵ، ناوى ئەویان لە سەرەوەى ناوى ئەو تۆمەتبارانە یادداشت كرد، كە بە تێوەگلان لە تاوانى كەوتنى موسڵ تۆمەتبار كراوون.

رۆژى یەكشەممەى رابردوو، بە بێ ئەوەى كوتلەى دەوڵەتى یاسا هیچ بەرگرییەك لە مالكى پیشان بدەن، سەرۆكى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، سەلیم ئەلجبورى، بڕیاریدا، دەقى راپۆرتى لیژنەكە ئاراستەى دادگا بكات بۆ ئەوەى بە پەلە فەرمانى دەستگیركردن بۆ تۆمەتبارەكان دەربكرێت و دۆسییەى لێكۆڵینەوەیان بۆ بكرێتەوە.

چاوەڕوان دەكرێت، گەڕانەوەى نورى مالكى بۆ بەغدا، سەرەتایەك بێت بۆ دەربڕینى هەڵوێستى راشكاوانەى مالكى سەبارەت بە دوورخستنەوەى لە پۆستەكەى و تۆمەتبار كردنى بە هۆكارى كەوتنى موسڵ.