ولايتى: ئێران رێگه به زيادبوونى هه‌ژموونى ئه‌مه‌ريكا نادات

K24 – ھەولێر
سه‌رۆكى سه‌نته‌رى توێژينه‌وه‌ى ستراتيژى سه‌ربه ئه‌نجومه‌نى باڵاى ده‌ستنيشانكردنى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى كۆمارى ئيسلامى، رايگه‌ياند، ئێران به‌و ئاسانه رێگه به ئه‌مه‌ريكا نادات هه‌ژموونى خۆى زياتر بكات.
دوێنى چوارشه‌ممه (19-8-2015) عه‌لى ئه‌كبه‌ر ولايتى، سه‌رۆكى سه‌نته‌رى توێژينه‌وه‌ى ستراتيژى سه‌ر به ئه‌نجومه‌نى باڵاى ده‌ستنيشانكردنى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى كۆماري ئيسلامى ، له كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا رايگه‌ياند: "ئێران به‌و ئاسانيه رێگه به ئيداره‌ى ئه‌مه‌ريكا نادات هه‌ژموونى خۆى له ناوچه‌كه‌دا زياتر بكات، چونكه ئيداره‌ى ئه‌مه‌ريكا هه‌رچه‌نده له‌لايه‌ن خه‌ڵكى وڵاتانى وه‌كوو عێراق و ئه‌فغانستان ده‌ركراوه و ئاوى رووى تكاوه‌و شه‌رم له‌وه ناكاته‌وه".
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به په‌يوه‌ندييه‌كانيان له‌گه‌ڵ سووريا روونى كرده‌وه: "په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان ئێران و سووريا، په‌يوه‌ندييه‌كى ستراتيژيه و رۆژ به رۆژ به‌ره‌و پێش ده‌چێت، جگه له‌مه‌ش سووريا بڕبڕه‌ى پشتى زنجيره په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێران و هاوپه‌يمانه‌كانى وه‌كوو عێراق و لوبنان و فه‌ڵه‌ستينه".
له 14 ته‌موزی 2015، ئێران و وڵاتانی (5+1) گه‌یشتنه رێككه‌وتنی چه‌كی ناوه‌كی، به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه، ئێران ده‌ست له‌به‌رهه‌م هێنانی وزه‌ی ناوه‌كی هه‌ڵده‌گرێ و له‌به‌رامبه‌ریشدا سزای ئابووریه‌كانی له‌سه‌ر هه‌ڵده‌گیرێ، به‌ڵام ئیسرائیل ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه به هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوویی و هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌سه‌ر ئیسرائیل وه‌سف كرد.