به‌ريتانيا باڵۆزخانه‌ى له تاران ده‌كاته‌وه

K24 – له‌نده‌ن
دواى چوار ساڵ له داخستنى، حكوومه‌تى به‌ريتانيا بڕيارى دا، له هه‌فته‌ى داهاتوودا باڵيۆزخانه‌ى خۆى له تارانى پايته‌ختى كۆمارى ئيسلامى ئێران بكاته‌وه.
سه‌رچاوه‌يه‌كى ديپلۆماتى بريتانى ئاشكراى كرد، وڵاته‌كه‌ى له هه‌فته‌ى داهاتوودا، باڵيۆزخانه‌ى خۆى له تاران ده‌كاته‌وه. نزيكه‌ى چوار ساڵ به‌ر له ئێستا ژماره‌يه‌ك له خۆپيشانده‌رانى ئێرانى له تارانى پايته‌خت هه‌ڵيانكوتايه سه‌ر بيناى باڵيۆزخانه‌ى به‌ريتانيا له تاران و به‌و هۆيه‌وه حكومه‌تى له‌نده‌ن بڕيارى دا باڵيۆزخانه‌كه‌ى دابخات. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، سه‌رچاوه ميدياييه‌كانى به‌ريتانيا هه‌واڵى ئه‌وه‌يان بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه هه‌فته‌ى داهاتوو وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا به مه‌به‌ستى ئاماده‌بوون له كردنه‌وه‌ى باڵيۆزخانه‌كه سه‌ردانى تاران ده‌كات. دواى ئه‌وه‌ى حكومه‌تى ئێران و وڵاتانى گرووپى پێنج كۆ يه‌ك له برۆكسل، رۆژى چوارده‌ى ته‌مموزى رابردوو، رێككه‌وتنى ئه‌تۆمييان واژوو كرد، ژماره‌يه‌ك له وڵاتانى ئه‌وروپايى سه‌رقاڵى هه‌وڵى ديپلۆماتيين بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى په‌يوه‌ندييه ديپلۆماتييه‌كانيان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا.