پێنج لایەنەکە لە سلێمانی کۆدەبنەوە

K24- هه‌ولێر
هەر پێنج لایەنەکەی بەشدارییان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، جارێكی دیكه له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بنه‌وه.
بڕیاره ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (23.8.2015) له شاری سلێمانی هه‌ریه‌ك له پارتی دیموكراتی كوردستان، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه به‌شدارن له حكوومه‌ت و به پێنج لایه‌نه‌كه ناویان ده‌برێت، بۆ جاری چواره‌م له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆببنه‌وه. په‌یامنێری (K24) كه بۆ ڕووماڵكردنی كۆبوونه‌كه ئاماده بووه، ڕایگه‌یاند كه له سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆوه، ھۆتێلی پێنج ئەستێرەی گراند ملینیۆم (شاری جوان)، ئاماده كراوه بۆ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی لێ ئه‌نجام بدرێت.
بەپێی زانیارییەكانی (K24)، دوا ڕاپۆرتی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، دەربارەی ھەمواری یاسای سەرۆكایەتی، بنەمای گفتوگۆی پێنچ لایەنەكە دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش جگه له ئه‌ندامانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی پێشوو، ھەرلایەنێك كەسێكی یاسایی لە كۆبوونەوەكەدا بەشداری پێ دەكات.
شاندی پارتی پێکهاتوون لە رۆژ نووری شاوەیس، مەحموود محەممەد و فرسەت سۆفی، شاندی گۆڕان پێکهاتوون لە جەلال جەوهەر، بەهار مەحموود و رابوون مەعرووف، شاندی یەکێتی پێکهاتوون لە قوباد تاڵەبانی، سەعدی پیرە و گۆران ئازاد، شاندی یەکگرتوو پێکهاتوون لە محەممەد ئەحمەد، خەلیل ئیبراهیم و ئەبوبەکر هەڵەدنی و شاندی کۆمەڵ پێکهاتوون لە ئەنوەر سەنگاوی، رێبوار حەمەد و دانا دارا. تێبینی ده‌كرێ، كه‌سی یه‌كه‌می دانیشتنه‌كه‌ی پێشووی هیچ یه‌كێ له لایه‌نه‌كان، له‌م كۆبوونه‌وه‌یه به‌شدارییان نه‌كردووه.
شه‌وی 18.8.2015 له هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵڵا له شاری هه‌ولێر، پێنج لایه‌نه‌كه (پارتی، گۆڕان، یەکێتی، یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ) به به‌شداری نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا، كۆبوونه‌وه‌ی سێیه‌م له‌سه‌ر ئه‌و پرسه ئه‌نجام درا و تێیدا بڕیاریش له‌سه‌ر واده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ درا و به‌پێی چاوه‌ڕوانیی ئه‌و كاته‌ی ئه‌ندامانی كۆبوونه‌وه‌كه، ئه‌مڕۆ له سلێمانی ده‌گه‌نه بڕیار.
دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی 2005، مه‌سعوود بارزانی، له په‌رله‌مانی كوردستان وه‌كوو یه‌كه‌م سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ هه‌ڵبژێردرا و له ساڵی 2009 به هه‌ڵبژاردن پۆسته‌كه‌ی وه‌رگرته‌وه، قسه‌وباس له‌سه‌ر ئه‌وه بوو كه ده‌بێ بارزانی دوای ته‌واوبوونی خولی دووه‌م، له پۆسته‌كه‌ی لابچێت، به‌ڵام له ساڵی 2013 بەپێی داوایەکی پەرلەمانتارانی ئەو خولە کە لە 30ی حوزەیرانی هەمان ساڵ بەرزکرابووەوە، داواکرابوو مەسعوود بارزانی دوو ساڵی تر لە سەرۆکایەتی هەرێم بمێنێتەوە، ئەمەش مشتومڕێکی سیاسی و یاسایی دروست كرد. ئه‌مجاره‌ش پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌یه‌وێ به سازان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له پۆسته‌كه‌ی بهێڵێته‌وه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ ته‌واوی لایه‌نه‌كان كۆبووه‌ته‌وه و تا ئێستا ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چن كه ئه‌و پۆسته وه‌كوو خۆی ده‌مێنێته‌وه. ڕه‌نگه كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی پێنج لایه‌نه‌كه، به‌ته‌واوی ئه‌و پرسه یه‌كلایی بكاته‌وه.