13 كۆچبه‌ری دیكه‌ی كورد له‌ ده‌ریاكانی توركیا خنكان

Kurd24

K24- هه‌ولێر
لە قەزای داتچای سەربە شاری موخلای توركیا، بەلەمێك ژێر ئاو كەوت و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، تەرمی 13 كۆچبەر لەنێو ئاو دەرھێنران كە چواریان منداڵ بوون.
كاتژمێر 6ی سەرلە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (15.9.2015)، بەلەمێك لە نێو ئاوی نێودەوڵەتی نێوان ناوچەی كۆرمەنی داتچا و دوورگەی ئستانكۆی یۆنان ژێر ئاو كەوت، كە ژمارەیەكی زۆر لە كۆچبەری تێدابوو.
بەپێی زانیاریە سەرەتاییەكان، 205 رزگاركراون و تەرمی 13 كەسیش لەنێو ئاو دەرھێنراون، كە چواریان منداڵن. ھەروەھا تیمەكانی فریاگوزاری لە ناوچەكە ھەوڵدەدەن تەرمی كۆچبەری دیكە دەربھێنن، چونكە ژمارەیەكی زۆر خنكاون.
تا ئێستا چەندین جار ئەو كەشتی و بەلەمانەی كۆچبەرانیان ھەڵگرتوە، ژێر ئاو كەوتوون و بە سەدان كەس خنكاون، بەڵام چوونی كۆچبەران بەرەو ئەوڕوپا لەگەڵ بەردەوامە.