به‌ڵێنه‌كانى ئه‌وروپا بۆ پێشمه‌رگه دڵخۆشكه‌رن
K24 - هه‌ولێر
سه‌رچاوه‌يه‌ك له نوێنه‌رايه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له يه‌كێتى ئه‌وروپا، به (K24) رايگه‌ياند، نوێنه‌رانى هێزى پێشمه‌رگه، داواى دژه تانك و ئامێرى هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى مينى له وڵاتانى ئه‌وروپا كردووه.
ئه‌و سه‌رچاوه‌يه تايبه‌ت به (K24)ى رايگه‌ياند، نوێنه‌رانى پێشمه‌رگه، داوايان له وڵاتانى ئه‌وروپا كردووه، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا و راسته‌وخۆ هاوكارييه سه‌ربازييه‌كانييان بگه‌يه‌ننه هێزى پێشمه‌رگه و لێژنه‌ى ئاسايش و به‌رگرى له يه‌كێتى ئه‌وروپا، به وردى گوێيان له داواكارييه‌كانى هێزى پێشمه‌رگه گرتووه.
له به‌رانبه‌ريشدا، هه‌ر يه‌ك له وڵاتانى به‌لجيكا و هه‌نگاريا، داواى له‌و فه‌رماندانه‌ى پێشمه‌رگه كردووه، ئه‌و رێكارانه‌يان بۆ بخه‌نه‌ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن هاوكارييه‌كان به‌و شێوازه بگه‌يه‌نن، كه ئه‌وان ده‌يانه‌وێت.
هه‌روه‌ها راشيگه‌ياندووه، جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، سه‌رۆكايه‌تى ئه‌و شانده‌ى پێشمه‌رگه‌ى كردووه و هاوكات فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى پشتيوانى 70 يه، له به‌رده‌م يه‌كێتى ئه‌وروپا ئاماژه‌ى به‌وه كردووه، زۆرترين رێژه‌ى شه‌هيد پێشمه‌رگه، به‌هۆى ته‌قينه‌وه‌ى بۆمبى چێنراو و ئۆتۆمبێله مينڕێژكراوه‌كانه.
له چوارچێوه‌يه‌شدا، داواى له وڵاتانى ئه‌وروپا كردووه، ئامێرى هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى مين و دژه تانك، راسته‌وخۆ بگه‌يه‌ننه ده‌ستى پێشمه‌رگه، چونكه تا ئێستاش ئه‌ندازايارانى هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى مين، به‌بێ هيچ ئامێرێك، مين و ته‌قه‌مه‌نييه‌كان پووچه‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه.
جيا له‌وانه‌ش، نوێنه‌رانى پێشمه‌رگه، سێ داواكارى ديكه‌يان خستووه‌ته به‌رده‌م وڵاتانى ئه‌وروپا، ئه‌وانيش كردنه‌وه‌ى نووسينگه‌ى ناتۆ له هه‌رێمى كوردستان و دابينكردنى ماسك و پێداويستى تايبه‌ت به پاراستنى پێشمه‌رگه، له هێرشه كيمياوييه‌كان.
ئه‌و سه‌رچاوه‌يه ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه، هه‌ڵوێستى يه‌كێتى ئه‌وروپا، له جاران گه‌رموگوڕتر هاتووه‌ته به‌رچاو و ده‌ستخۆشييان له هێزى پێشمه‌رگه كردووه.
له‌م باره‌يه‌وه گوتى: "له كاتى به‌خێرهێنانى فه‌رمانده‌كانى هێزى پێشمه‌رگه ئاماژه كردن به ناوى پێشمه‌رگه، هه‌ر 751 ئه‌ندامى په‌رله‌مانى ئه‌وروپا، به چه‌پڵه‌رێزان پێشوازييان لێكردوون و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكيشيان وه‌ك رێزێك هه‌ستاونه‌ته‌وه سه‌ر پێ".
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ى به هه‌ڵوێستى ئه‌ندامانى يه‌كێتى ئه‌وروپا ده‌كات، به‌تايبه‌تيش ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى سه‌ر به پارته سۆشياله‌كانن و رايگه‌ياندووه، سۆشياله‌كان پێشووتر به هه‌موو شێوه‌يه‌ك له دژى هاوكاريكردنى سه‌ربازى و ناردنى چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى وه‌ستاونه‌ته‌وه، جا بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك بووبێت، به‌ڵام هه‌ڵوێستييان بۆ هاوكارى سه‌ربازى بۆ پێشمه‌رگه، ئه‌رێنى بووه و له‌مباره‌يه‌وه يه‌كهه‌ڵوێست و يه‌كده‌نگبوونه.
ئاماژه‌ش به‌وه ده‌كات، به‌لجيكا زۆر له‌جاران زياتر هاتووه‌ته پێشه‌وه‌و به‌ڵێنيداوه هاوكارييه سه‌ربازييه‌كان راسته‌وخۆ بگه‌يه‌نێته هه‌ولێر.
هه‌رچه‌نده په‌رله‌مانى يه‌كێتى ئه‌وروپا خاوه‌ن هيچ هێز و كه‌لوپه‌لێكى سه‌ربازى نييه، به‌ڵام ئه‌و سه‌رچاوه‌يه رايگه‌ياندووه، زۆربه‌ى ئه‌ندامانى يه‌كێتييه‌كه، به‌ڵێنييانداوه، گوشار بخه‌نه سه‌ر وڵاته‌كانييان بۆ ئه‌وه‌ى به شێوه‌يه‌كى راسته‌وخۆ، هاوكارى پێشمه‌رگه بكه‌ن.
له چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى فه‌رمانده مه‌يدانييه‌كانى پێشمه‌رگه، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى وڵاتى هه‌نگارييا له رێكخراوى هاوپه‌يمانى باكووڕى ئه‌تڵه‌سى (ناتۆ) كۆبوونه‌وه‌ته‌وه.