یۆرگن كلۆب چاوی بڕیوه‌ته گۆڵپارێزێكی ئیسپانی
K24 ـ ژووری هه‌واڵ
ڕاهێنه‌ره تازه‌كه‌ی یانه‌ی لیڤه‌رپوول ورده ورده خه‌ریكی جێبه‌جێكردنی پلانه‌كانییه‌تیی، له ئێسته‌دا گۆڕانكارییه‌كانی له هێنانی گۆڵپارێزێكه‌وه ده‌ستپێده‌كات.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه (7.11.2015)، ڕۆژنامه‌ی ئیندیپێندێنتی به‌ریتانی ڕایگه‌یاند كه یۆرگن كلوبی ڕاهێنه‌ری یانه‌ی لیڤه‌رپوول ڤیكتۆر ڤاڵدێزی گۆڵپاڕێزی یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتدی كردۆته ئامانج.
ڤیكتۆر ڤاڵدێز له دوای یانه‌ی به‌رشلۆنه پێوه‌ندی به یانه‌ی شه‌یتانه سووره‌كان كردووه، به‌ڵام هێشتا بۆ خوله‌كێكیش له یارییه‌كی فه‌رمیدا له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه ده‌رنه‌كه‌وتووه، ئه‌و به ته‌واوه‌تی بێ‌ئومێد بووه، بۆیه له چاوه‌ڕوانی گرێبه‌ستێكی نایاب دایه.
یانه‌ی لیڤه‌رپوول له ئێسته‌دا خاوه‌نی 2 گۆڵپارێزه، یه‌كێكیان سیمۆن مینیۆلیه‌ی به‌لژیكییه، دووه‌میان ئاده‌م بۆگدانی هه‌نگارییه، به‌ڵام هێشتا یۆرگن كلوب گۆڵپارێزێكی دیكه‌ی به ئه‌زموون بۆ یانه‌كه‌ی به زه‌رووره‌ت ده‌زانێت.