گرێبه‌ستى فه‌رمانبه‌رانى كه‌ركووك هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌

Kurd24

K24- كه‌ركووك

دواى شەڕى داعش حکوومەتى عێراق بوودجەى "پترۆدۆلار"ى شارى کەرکووکى بڕیوە و ئەمەش کاریگەرى نەرێنى كردووه‌ته‌ سەر پڕۆژەکان و هەڵوەشاندنەوەى زیاتر لە 6هەزار فەرمانبەرى گرێبەست.

ئیدارەى شارەکەش نیگەرانە لە بڕینى ئەو بوودجەیەو چەندان جاریش دانووسانییان لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵ کردووە، بۆ گەڕاندنەوەى بوودجەکە بەڵام بێ سوود بووە، هەر بۆیە لە ئێسته‌دا بیر لە بژاردەى دیکە دەکەنەوە و داواى پارەى پترۆ دۆلار لە هەرێمى کوردستان دەکەن.

کەرکووک، شارێکى دەوڵەمەنده‌ بە سامانى سروشتى، بەڵام وەک کەرکووکییەکان دەڵێن لە لایەن خۆيانه‌وه‌ خاوەندارێتى ناکرێت بەڵکوو لە نێوان هەردوو حکوومەتى هه‌ولێر و بەغدا سەرپەرشتى دەکرێت و ئاگەدارى ناوەڕۆکى رێکەوتنەکان نین.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانياريانه‌ى ده‌ستى (K24) كه‌وتووه‌ هەناردەى نەوتى کەرکووک، رۆژانە 180هەزار بەرمیلە و بە پێى رێکەوتنێکى نێوان حکوومەتى هەرێمى كوردستان و عێراق، ئەو نەوتە لە رێگەى بۆڕییەکانى هەرێمى کوردستانەوە دەفرۆشرێت.

سەرۆکى لێژنەى نەوت و وزە لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەکووک هەڕەشەى وەرگرتنى هەڵوێست دەکات ئەگەر هاتوو بەردەوام کەرکووک لە داهاتى نەوت بێبەش کرا.

بەبیانووى شەڕى داعش و کەمى بوودجەوە حکوومەتى ناوەند، زیاتر لە ساڵێکە هیچ بڕە پارەیەکى هەناردەى کەکووک نەکردووە، ئەمەش بووەتە هۆى وەستانى پڕۆژەکان و ناردنە ماڵەوەى زیاتر لە 6هەزار فەرمانبەرى پترۆ دۆلار ئەمەش واى لە بەرپرسانى ئیدارى شارەکە کردووە بیر لە بژاردەى دیکە بکەنەوە و داواى داهاتى پترۆدۆلار لە هەرێمى کوردستان بکەن.