كۆچبه‌رانی سووریا و عێراق ده‌سه‌ڵاتی كرواتیا ده‌گۆڕن
K24- ژووری هه‌واڵ
دوای ئەندامبوونی كرواتیا لە یەكێتی ئەوڕوپا، یەكەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدەرێت و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ، ئۆپۆزسیۆن براوه بن.
ئەمڕۆ یەكشەممە (8-11-2015) ھاووڵاتیانی كرواتیا روویان لە ناوەندەكانی دەنگدان كرد، بۆ ھەڵبژاردنی پاڵێوراوەكانیان بۆ پەرلەمان. دووپارتی سەرەكی ڕكابەری یەكتر دەكەن ئەوانیش "پارتی یەكێتیی دیموكراتیی كرواتیا" و "پارتی دیموكراتیی ئیشتراكی"ن.
چاودێرانی ھەڵبژاردنەكە پێشبینی دەكەن، پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە سەر بكەوێت، بە جیاوازیێكی كەم، چونكە پارتی دەسەڵاتدار پارتێكی بەھێزە.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایه، سەركەوتنی پارتی یەكێتیی دیموكراتیی كرواتیا، واتە سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زنی ئۆپۆزسیۆن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئێسته‌ی وڵات، ئه‌مه‌ش بۆ ناڕازیبوونی خەڵكی ئەو وڵاتە ده‌گه‌ڕێته‌وه لەسه‌ر چوونی ئەو ژمارە زۆرەی كۆچبەران، به‌مه‌ش پارتی دەسەڵاتدار بە خەتابار دەزانن.
لەدوای ئەو شەپۆڵە گەورەیەی كۆچكردن لە وڵاتانی نائارامی ڕۆژ ھەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوڕوپا كڕواتیاش یەكێكە لەو وڵاتانەی كەوا ڕێژەیەكی زۆری كۆچبەرلە كەمپەكانی ئەو وڵاتە ماونەتەوە،زۆرینەی خەڵكی ئەم وڵاتەش ناڕازین بە ھاتنی ئەو ژمارە زۆرەی كۆچبەرە.
لە دووای ئەندامبوونی كرواتیا لەساڵی 2013 لەیەكێتی ئەوروپا، ئەمە یەكەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانییە لەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت.