گوته‌بێژی هێزه هاوپه‌یمانه‌كان: له ئاسمانه‌وه هاوكاریی كوردمان ده‌كرد
K24- ژووری هه‌واڵ
گوته‌بێژی ھاوپەیمانییەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا ڕایده‌گه‌یه‌نێ كه ئه‌وان له ئاسمانه‌وه هاوپه‌یمانی هێزه كوردییه‌كان بوون بۆ لێدانی داعش.
ستیڤ وۆرن، ڕایده‌گه‌یه‌نێ كه ئه‌وان ئاگه‌داری ئه‌و پێكدادانه‌ن كه له نێوان پێشمه‌رگه و حه‌شدی شه‌عبیدا دروست بووه و هیوای خواست كه كۆتایی پێ بهێنرێ، چونكه هه‌ردوولا بۆ یه‌ك ئامانج كار ده‌كه‌ن. ده‌شڵێ: "كێشه‌ی ئه‌وان خه‌می ئێمه‌یه".
ستیڤ وۆرن، گوتەبێژی ھاوپەیمانییەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا، لە پرێس كۆنفرانسێكی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا (پێنتاگۆن) كه له واشنتۆن ئه‌نجام درابوو، لە رێگەی سكایپەوە وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایه‌وه و زانیاری نوێی لەبارەی دووایین گۆڕانكارییە سەربازییەكان لە ناوچەكە باس كرد.
سه‌باره‌ت به ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكرنی شنگال، گوتی: "ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی دوێنێ ئه‌نجامان دا، هه‌ماهه‌نگی ئێمه له‌گه‌ڵ كورده‌كان له ڕێگه‌ی ئاسمانه‌وه بوو. ئامانجی ئێمه ئه‌وه‌بوو كه له‌گه‌ڵ فه‌رمانده كوردییه‌كان له په‌یوه‌ندیدا بین و زانیاری‌یان لێ وه‌رگرین له كوێ و چۆن ئامانجه‌كه‌مان بپێكین".
گوته‌بێژی هێزه هاوپه‌یمانه‌كان هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: "له‌و ناوچانه‌ی كه نه‌وتیان تێدایه، كردومانن به ئامانج، بۆ ئه‌وه‌ی داعش ئاودیو بكه‌ین بۆ سووریا و كۆنترۆڵی داعش له ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئه‌و نه‌وته ببڕین تا كاریگه‌رییان نه‌بێ به‌سه‌ر نه‌وته‌كه‌وه".
شنگال قه‌زایه‌كه سه‌ر به پارێزگاى نه‌ینه‌وایه و ده‌كه‌وێته رۆژئاواى باشوورى كوردستان، زۆرینه‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى كوردى ئێزدین، له 3ى ئابى 2014 له‌لایه‌ن چه‌كدارانى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى (داعش) ده‌ستى به‌سه‌ردا گیرا، لەو ڕۆژە بەدواوە نزیکەی 5 هەزار هاووڵاتی سفیل کە زۆربەیان ژن ومنداڵ بوون لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە رفێنران و تاوه‌كوو ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش چارەنووسی زۆربەیان نادیارە.
دوێنى ئۆپه‌راسیۆنى ئازادكردنى شه‌نگال به به‌شدار 7 هه‌زار 500 پێشمه‌رگه به پاڵپشتى فڕۆكه جه‌نگییه‌كانى هاوپه‌یمانان كه له‌لایه‌ن مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا، ده‌ستى پێ كرد و ئه‌مڕۆ توانرا ته‌واوى ئه‌و قه‌زایه كۆنتڕۆڵ بكرێته‌وه‌و ئاڵاى كوردستان له‌سه‌ر باڵاخانه‌ى سایلۆى شنگال هه‌ڵبكرێ.