قه‌ندیل.. چەند گوندێك بۆردمان كرا

Kurd24

K24- بناری قەندیل
فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، بۆردوومانی چەند گوندێكیان له‌ كردەوە، بەڵام زیانی گیانی لێ نەكەوتووتەوە.

 

پەیامنێری (K24) لە بناری قەندیل رایگەیاند كه‌ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، بە بیانووی بوونی بارەگه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بناری قەندیل-یان بۆردوومان كردەوە، روونی كردەوە كه‌ ھەر یەك لە گوندەكانی "ئێندزە" و "لێوژە" لە لایەن فڕۆكەكانەوە كراونەتە ئامانج.
لە بارەی زیانی بۆردوومانەكە لەو گوندانە، بە پێی زانیاری په‌یامنێران، ھیچ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام تا ئێستەش فڕۆكە جەنگییەكان لە ئاسمانی قەندیل دەسوڕێنەوە، بۆیە لە بازگەی پەكەكە لەو سنوورە رێگە نادرێت كەس بڕوات.
پەیامنێرمان گوتیشی: "جیاوازی بۆردوومانی ئەمجارەی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لەگەڵ بۆردوومانەكانی پێشتر لەو ناوچەیە، ئەوەیە كە ئەمجارەیان فڕۆكەكان ناو گوندی ئێندزه‌ (173 كم، باكووری سلێمانی)یان بۆردومان كردووە، پێشتر تەنیا دەوروبەری بۆردومان دەكرا.

 

شەوی رابردوو (13.11.2015)، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، بناری قەندیلیان بۆردومان كرد كە ھەریەك لە گوندەكانی ئێندزە و لێوژە بە سەختی كەوتنە بەر ئەو بۆردومانە، ئه‌مه‌ش جاری دووه‌مه‌، دوای ئه‌وه‌ی رۆژێك دوای ھەڵبژاردنی دووبارەی پەرلەمانی توركیاش لە 1.11.2015، ئەو ناوچەیە بۆردومان كرابوو.
گوندەكانی ئێندزە و لێوژە لە رووی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی سەنگەسەری قەزای رانیەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لەم چەند ساڵەدا چەندان جار بە بیانووی بوونی بنكە و پارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئەم دوو گوندە و گوند و ئاواییەكانی دیكەی ناوچەكە بۆردومان كراون و زیانی گیانی و ماڵیان بەركەوتووە.