خورماتوو.. دوو ھاووڵاتی كورد شەھید ده‌كه‌ن

تەقە لە ئۆتۆمبێلی K24 كرا
kurdistan24.net

K24- خورماتوو
لە بەردەوامی ئاڵۆزییەكانی خورماتوو، دوو ھاوڵاتی دیكەی كورد شەھید دەبن، تەقەش لە ئۆتۆمبێلی تیمی K24 كرا.


پەیامنێری (K24) لە خورماتوو رایگەیاند: "ھێزەكانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو تەقەیان لە ھاووڵاتیانی كورد كردووە، بەو ھۆیەوە دوو ھاووڵاتی دیكە شەھیدبوون كە یەكێكیان مێردمنداڵێكی كوردە و بە دەستی نیشانەشكێنێكی حەشدی شەعبی شەھید كراوە، ھەروەھا چەكدارانی حەشدی شەعبی لە ناوەڕاستی شاردا دەستیان گرت بەسەر مزگەوتێكی سوننەكان، ھەر ئەمڕۆ لەو شارۆچكەیە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی تیمی K24 كرد.
لەبەرانبەر ئەو كردەوانەی ھێزەكانی حەشدی شەعبی ھاووڵاتیانی كورد لە شارەكەدا بۆ ماوەیەك رێگای كەركووك- بەغدایان داخست، دواتر رێگاكە كرایەوە و ھاتو چۆ بەو رێگایەدا ئاسایی بووەوە.
دوێنێ شەممە (14.11.2015) نوێنەرانی كورد و شیعە لە شاری خورماتوو، كۆبوونەوە و لەسەر ئەوە رێكەوتبوون كە كۆتای بە ئاڵۆزییەكان و كێشەكانی نێوانیان بێنن و كار بۆ ئارامكردنەوەی بارودخی شارەكە بكەن، بەڵام ئەمڕۆ ھێزەكانی حەشدی شەعبی جارێكی دیكە ھێرشیان كردە سەر كوردەكان ودوو كەسیان شەھید كردن.


لە رۆژی دەستپێكردنی شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان كوردەكان و حەشدی شەعبی لە خورماتوو لە 12.11.2015، سەركردە و ھێزە كوردییەكان داوای ئاساییكردنەوە و ئاشتەوای دەكەن، بەڵام بە گوتەی شایەتحاڵەكان ھێزەكانی حەشدی شەعبی بەردەوامن لە ھێرشەكانیان بۆ سەر ھاووڵاتیانی كورد و بارەگاكانی پێشمەرگە لەو شارە.