7 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق تەرخان دەكا

3 پڕۆژەی گەورە لە ھەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێ

باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراق رایدەگەیەنێ كە وڵاتەكەی 7 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق تەرخان دەكا، لەو چوارچێوەشدا 3 پڕۆژە لە ھەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكەن.

 فومیۆ ئیوا باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراق، وڵاتەكەی 7 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق تەرخان دەكا، سێ پڕۆژەی گرنگیش لە ھەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكەن، كە بریتین لە ئاوی هەڵەبجە و ئاوەڕۆی هەولێر و بەنداوی دێرەلوک،

ئاشكرا كردنی ئەو بڕە پارە تەرخانكراوە بۆ عێراق و ئەنجامدانی سێ پڕۆژە لە ھەرێمی كوردستان، لە لایەن فومیۆ ئیوا باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراق لە میانی دیدارێكیدا بوو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان.

لە بەرانبەردا سەرۆک حكومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی یارمەتی و هاوکارییەکانی خەڵک و حکوومەتی ژاپۆنی کرد بۆ ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا دیارکردنی بەشی هەرێمی کوردستان لەو هاوکارییە داراییە بەرز نرخاند کە بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری پێشکەش بە عێراقی دەکەن.

پێشتر حكومەتی ژاپۆن بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان پارەی وەك قەرزی درێژخانەی داوە بە حكومەتی عێراق، بڕی یەكەمی قەرزەكەش 735 ملیۆن دۆلار بوو، حكومەتی عێراقی رایگەیاندبوو كە ئەو پارەیە بۆ پڕۆژە جۆراوجۆرەكان دەكا.