ئەڵمانیا "بەردەوام دەبین لە ھاوكاریكردنی پێشمەرگە"

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێ لە ھاوكاریكردنی پێشمەرگە.

 -K24ژووری ھەواڵ

  فڕانك ڤاڵتەر وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێ" ھێزی پێشمەرگە بە پاڵشتی چەكەكانی ئەڵمانیا، توانیان خاكی داگیركراویان لە داعش وەرگرنەوە، راشیگەیاند كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێ لە ھاوكاریكردنی پێشمەرگە.

دوێنێ رۆژی دووشەممە (16.11.2015) فڕانك ڤاڵتەر شتاینمەیەر وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لە برۆكسل لە بەردەم پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپادا رایگەیاند" ئەڵمانیا بەردەوام دەبێ لە ھاوكارییە سەربازییەكانی بۆ ھێزی پێشمەرگەی كوردستان، وەك ئەو وڵاتانەی كە  بەشداری لە ھێرشە ئاسمانیەكان دەكەن دژ بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش".

لە بارەی قەیرانی سووریا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەوەی خستەڕوو، كە بۆ كۆتایھێنان قەیرانی بە ناوخۆی سووریا پێویستە  وڵاتە ھەرێمیەكان بەشداری بكەن.

دوای ھێرشەكانی داعش بۆ سەر كوردستان، ئەڵمانیا یەكێك بوو لەو وڵاتانەی كە ھاوكاری مرۆیی و سەربازی گەیاندە ھەرێمی كوردستان.

ساڵی 2014 لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنی دا مسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند" بەھێزترین چەك كە گەیشتبێتە دەستی پێشمەرگە چەكی میلانی ئەڵمانی بووە، بۆ رووبەڕوو بونەوەی چەكدارانی داعش.

جگە لەمەش ئەڵمانیا چەندین پسپۆری سەربازی رەوانەی كوردستان كردوون، بەمەبستی مەشق و راھینانی ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕ دژی چەکدارانی داعش.