حه‌شدی شه‌عبی: "ھاووڵاتیيە كوردەكان ئازاد دەكەین"

سەركردەیەكی یەكێتی " لەسەر ستراتیژییەتێكی درێژخایه‌ن رێككەوتووین"

 به‌رپرسێكى حەشدی شەعبی رایدەگەیەنێت, ئەو ھاووڵاتیە كوردانەی لە لایەن چەكدارانی ئەوان رفێنراون, ئازادیان دەكەن.

K24- خورماتوو

حاجی عاتف، به‌رپرسى‌ حەشدی شەعبی لە خورماتوو، لە لێدوانێكی تایبەت بە K24 دانی به‌وه ‌دانا چه‌كداره‌كانیان هاووڵاتییانی كوردیان رفاندووه‌ و گوتی: "ئاماده‌ین سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ ئازاد بكه‌ین، كه‌ لە ئەنجامی توندوتیژییەكانی چەند رۆژی رابردوودا لە لایەن چەكدارانمان ده‌ستگیركراون". ئه‌و به‌رپرسه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ره‌تیشیكرده‌وه‌، ئه‌وان ته‌قه‌یان له‌ باره‌گای ده‌زگا و لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی خورماتوو كردبێت.

بۆ چارەسەر كردنی كێشەی نێوانیان، دوێنێ دووشەممە (16.11.2015) چه‌ند لایه‌نێكی كوردی و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی حه‌شدی شه‌عبی، له‌ باره‌گای رێكخراوی به‌در كۆبوونه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سنوورێك بۆ توندوتیژییه‌كانی خورماتوو دابنێن.

لە بارەی رێككەتنەكەوه‌, عەدنانی حەمەی مینە ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌ردوولایه‌نی كورد و حه‌شدی شه‌عبی له‌سه‌ر ستراتیژێكی درێژخایه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به‌یه‌كه‌وه‌ ژیان رێككه‌وتوون.

لە (12.11.2015) ئاڵۆزی كەوتە نێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بەوھۆیەوە ژمارەیەك كەس شەھید و برینداربوون، دوێنێ دوو شەممە 16.11.2015)) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، بەرپرسانی ھەردوولا لە شارەكەدا رایانگەیاند, رێككەوتوون بۆ كۆتایھێنان بە كێشەكانی نێوانیان.