شنگالييه‌كان: هێشتا برينه‌كه‌مان سارێژ نه‌كراوه‌

ژماره‌يه‌ك له‌ كچ و ژنه‌كانمان له‌ ژێر ده‌ستى داعشن
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/ed5691a2-9368-43b8-8808-0fc7cc298787/34.ism/manifest

K24- ژوورى هه‌واڵ

دوای ئازادكردنەوەی شنگال لە دەستی چەکدارانی داعش، خەڵكی قەزاكە داوا لە لایەنە پەیوەندارەكان دەكەن كە ھەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ رزگاركردنەوەی ئەو ئێزدیانەی كە تاوه‌كوو ئێستا لە ژێر دەستی چەكدارانی داعشن، خەڵكی ناوچەكەش دەڵێن: "بە رزگار كردنەوەی ئەوانەی كە ماون برینەكانمان سارێژ دەبن".

ھادی سڤوكی، هاووڵاتييه‌كى خه‌ڵكى شنگاله‌، زياتر لە 15 مانگە له‌گه‌ڵ ھاتنی چەكدارانی داعش بۆ قەزاكەی ئەو بۆ ناوچەكانی دیكەی باشووری كوردستان ئاوارە بووە، ئەو بە ھاتنەوەی بۆ ناو شارەكەی له‌گه‌ڵ ھێزەكانی پێشمەرگە خۆشی و ناخۆشيیەكانی ئاوێتەی یەكتر بوون.

ئه‌و ئاوارانه‌ دوای پاككردنەوەی ناوچەكانیان لە دەستی چەكدارانی داعش تاكە ئومێدی دیەكەیان رزگاركردنی ئەو كچ و ژنانەن كە تا ئێستا لە ژێر دەستی چەكدارانی ده‌وڵه‌تى ئیسلامی ناسراو بە داعش ماونەتەوە.

شه‌نگال قه‌زايه‌كه‌ سه‌ر به‌ پارێزگاى نه‌ينه‌وايه‌ و ده‌كه‌وێته‌ رۆژئاواى باشوورى كوردستان، زۆرينه‌ى دانيشتوانه‌كه‌ى كوردى ئێزدين، له‌ 3ى ئابى 2014 له‌لايه‌ن چه‌كدارانى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى (داعش) ده‌ستى به‌سه‌ردا گيرا، لەو ڕۆژە بەدواوە نزیکەی 5 هەزار هاووڵاتی سفیل کە زۆربەیان ژن ومنداڵ بوون لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە رفێنران و تاوه‌كوو ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش چارەنووسی زۆربەیان نادیارە.

رۆژى هه‌ينى رابردوو ئۆپه‌راسيۆنى ئازادكردنى شه‌نگال به‌ به‌شدار 7 هه‌زار 500 پێشمه‌رگه‌ به‌ پاڵپشتى فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى هاوپه‌يمانان ده‌ستى پێكرد، به‌جۆريك توانرا زياتر له‌ 100چه‌كدارانى داعش بكوژن و ته‌واوى قه‌زاكه‌ كۆنتڕۆڵ بكه‌نه‌وه‌.