بارزانی: پێويسته‌ کار بۆ ئاوەدانکردنەوە و پاراستنی شنگال بکرێت

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مه‌سعود بارزانى رایگەیاند، پێویستە کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و پاراستنی لە ھەڕەشەکان بکرێت.

 K24 – هه‌ولێر:

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مه‌سعود بارزانى رایگەیاند، پێویستە کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و پاراستنی لە ھەڕەشەکان بکرێت.

 بارزانی له‌ باره‌ى شنگاله‌وه‌ گوتى: "بەھۆی شەڕ و کارەساتەکان بەشی زۆری شنگال وێران بووە، پێویستە کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و پاراستنی لە ھەڕەشەکان بکرێت. لەو رووەوە ھێزی پێشمەرگە و حکومەتی ھەرێمی کوردستان پشتیوانی شنگال و خەڵکی دەڤەری شنگال دەبێت".

ئەو گوتانەی بارزانی لە میانی دیدارێکیدا بوو، لەگەڵ فۆمیۆ ئیوای باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، کە ئەمڕۆ چوارشەمه‌ 18ى تشرينى دووه‌م/نۆڤه‌مبه‌رى 2015،  لەگەڵ شاندێکی یاوەری سەردانی بارزانی یان کرد.

لەو دیدارەدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی،  کە توانیویەتی لە نزیک بەرەکانی جەنگ دیداری لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم ھەبێت، پیرۆزبایی خۆی و وڵاتەکەیشی پێڕاگەیاند، بە بۆنەی رزگارکردنی شنگال لە دەستی تیرۆریستانی داعش. هه‌روه‌ها سوپاسی گەلی کوردستان و حکومەتی ھەرێمی کرد، کە بەخشندە بوون، سەرباری بوونی کێشەی قووڵی ئابووری، باوەشیان بۆ سەدان ھەزار ئاوارە و پەنابەر کردووەتەوە.

راشیگەیاند، وڵاتەکەی بایەخێکی زۆر بە ئاساییش و سەقامگیریی عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەدات و پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان ھەیە لە دابینکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

لای خۆیەوە سەرۆکی ھەرێم سوپاسی ھەڵوێستی حکومەتی ژاپۆنی کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق خواست لە ئەرک و کارەکانیدا.

لە وتەیەکدا باسی لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و قۆناغی دوای شکستپێهێنانی داعشى کرد، پەیوەست بە قۆناغی دوای پڕۆسەی رزگارکردنی شنگال ئاماژەی بەوەدا، کە بەھۆی شەڕ و کارەساتەکان بەشی زۆری شنگال وێران بووە، پێویستە کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و پاراستنی لە ھەڕەشەکان بکرێت، لەو رووەوە ھێزی پێشمەرگەی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان پشتیوانی شنگال و خەڵکی دەڤەری شنگال دەبێت.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لە درێژەی قسەکانیدا ھێمای بە گرنگیی سەقامگیری و ئاساییش دا و جەختی لەوە کردەوە، بە بێ سەقامگیری، پێشکەوتن و بووژانەوەی ناوچەکە نایەتە دی.

ھەر لەو کۆبوونەوەيه‌دا رێگەچارەکانی رووبەڕووبوونەوەی توندڕۆیی و چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی عێراق تاوتوو کرا، بیروڕایش لەبارەی پەیوەندییەکان و ھەماھەنگی لە بواری ئابووری و وزە و کارەبا، لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ژاپۆن ئاڵوگۆڕ کرا.