توێژەرێکی سیاسی ئەمریکا: تا ئێستا لاوازکردنی کورد لە سووریا، ئامانجی لە پێشینەی تورکیایە

ده‌بێت ئه‌مريكا فشارى زیاتر بخاتە سەر تورکیا تا شەڕی داعش بکاتە پێشینەی ئامانجەکانی، نەک دژی کورد بووەستێتەوە

 K24- هه‌ولێر:

جۆن ھانا، توێژەر و سیاسی و یاریدەدەری جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دێک چێنی، رایگەیاند، تا ئێستا لاوازکردنی پێگەی کورد لە سوریا ستراتیژییەتێکی سەرەکی تورکیایە. ئه‌و پێیوایە، بەلای تورکیاوە کارێکی ئاساییە ھێزە توندڕەوەکان لە سوریا، بە داعشیشەوە شەڕی کورد بکەن.

جۆن ھانا، توێژەر لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسییەکان و راوێژکار لە ناوەندی رۆژھەڵاتی نزیک لە واشنتۆن, لە لێدوانێکی تایبەت بۆ K24 باس لە دووایین پێشھاتەکانی شەڕی داعش و ھێرشەکانی ئەمدوایەی شاری پاریس دەکات.

ھانا ئاماژەی بە دەستپێکی قۆناغێکی گرنگ کرد، کە ئەویش لەناوبردنی رێکخراوی داعش بکرێتە ئامانجی سەرەکی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی، بە پێی بڕوای ئەو توێژەرە ئەمریکییە "ئێستا داعش بووەتە مەترسیدارترین گروپ بۆ سەر رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان".

گوتیشی: "دوای رووداوەکانی پاریس، ھەموو ئەو بایەخەی بە دیموکراسی دەدرا، لە تورکیا، نە ماوون. ئێستاش پلانی سەرۆک ئۆباما دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی گونجاوە کە ھەماھەنگی زیاتر لەگەڵ تورکیا بدۆزرێتەوە و ھێرشەکان بۆ سەر دەوڵەتی ئیسلامی لە نێو سووریا زیاتر بکرێن. ھەروەھا، تورکیا پێویستە سنورەکانی توندتر بکات بەتایبەتی بەڕووی ئەو کەسانەی دەچنە نێو سووریاوە، یاخود ئەو پارەيه‌ی دەنێردرێت، رێگەی لێ بگیردرێت".

ھەروەھا گوتیشی: "دەبێت تورکیا رۆڵێکی کاریگەرتری ھەبێت لە سووریا. ئەمە لە کاتێکدایە تورکیا خواستی ناوچەیەکی ئارامیان ھەیە لە باکووری سووریا، بەڵام دەڵێن ئەوان ئامادەنین و ئەوەش ئاسان نییە".

جۆن ھانا زیاتر لەسەر قەیرانی سووریا دووا و گوتی: "ناتوانین بە راستەوخۆیی بڵێین تورکیا ھاوکاری داعش دەکات، بەڵگەش لەبەردەست نین، بەڵام ئەوە پرسیار ھەڵناگرێت، کە رژێمی سووریا ئامانجی سەرەکی تورکیایە و دەکرێت ھێزە رادیکالەکانی وەک داعش و ئەوانی دیکەش ئەمە بە دەرفەت بزانن و خۆیان بە ھێز بکەن.  تا ئێستاش لاوازکردنی کورد لە سووریا گرنگی زۆری پێدەدرێت و ستراتیژییەتی تورکیایە، کە لەوانەیە ئاسایی بێت بۆ تورکیا، ھێزە رادیکاڵەکان لە سووریا، بە داعشەوە شەڕی کورد بکەن، ئەمەش کێشەیەکی گەوره‌یە و ئەمریکاش ئەوەی ناوێت. دەبێت فشار زیاتر بخاتە سەر تورکیا تا شەڕی داعش بکاتە پێشینەی ئامانجەکانی، نەک دژی کورد بووەستێتەوە".