په‌رله‌مانتارێكى فه‌ره‌نسا: تاکە رێگە بۆ لەناوبردنی داعش، پڕچەک کردنی پێشمەرگەیە

"نابێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جەخت لە عێراقێکی یەکگرتوو بکاتەوە"

 K24- هه‌ولێر:

ئەندامێكی ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا، رایگەیاند، تاکە رێگه‌ بۆ لەناوبردنی داعش، پشتگیریکردنی ھێزی پێشمەرگەیە.

ئالان دیستێکس، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، چیتر رێگە نەدەن ئاستەنگ بخرێتە بەردەم پڕچەک کردنی پێشمەرگە.

ئەوەشى خسته‌ڕوو، "نابێت لەمەودوا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جەخت لە عێراقێکی یەکگرتوو بکاتەوە، چونکە عێراق دوای رووخانی رژێمی سەدام دابەشبووە".

لە ماوەی رابردوودا پێنەدانی چەك راستەوخۆ بە پێشمەرگە لە لایەن ھێزەكانی ھاوپەیمانان، خواستی حكومەتی عێراق بووە. تا ئێستاش ئاستەنگ بۆ ئەوە درووستدەكات، حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش پێی وایە پێنەدانی چەك بە شێوەی راستەوخۆ بە پێشمەرگە، وا دەكات چەك و پێداویستی سەرباز درەنگتر بگاتە دەستی پێشمەرگە.