ئاوی بەنداوەكانی كرماشان زیادیكردوە

ئاوی بەنداوەكانی سنوری پارێزگای كرماشان بە بڕی زیاتر لە 40 ملیۆن مەترسێجا زیادیكردووە.

 K24- كرماشان:

بەڕێوبەری گشتیی ئاوی ناوچەی کرماشان رایگەیاند، ئاوی بەنداوەكانی سنوری پارێزگای كرماشان بە بڕی زیاتر لە 40 ملیۆن مەترسێجا زیادیكردووە.

کیاسەت ئەمیریان بەڕێوبەری گشتیی ئاوی ناوچەی کرماشان بە ئاژانسی ئیرنای راگەیاندووە، لە سەرەتای وەرزی پاییزەوە، ئاوی بەنداوەکانی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، 46 ملیۆن مەتر سێجا زیادیکردووە، ئەو پێوانه‌يه‌ش دوای شەپۆلی بارانبارينی چەند رۆژی رابردوو دێت، كە زۆربەی ناوچەكانی گرتەوە.

ئەمیریان روونيكرده‌وه‌، سەرەڕای بارینی رێژەی زۆری باران، بەڵام هێشتا بەنداوەکانی پارێزگای کرماشان پڕ ئاو نەبوون و بۆ پڕ بوونەوەیان 304 ملیۆن مەتر سێجا ئاو پێویستە.