نێچیرڤان بارزانی: شنگال ئاوه‌دان ده‌كه‌ينه‌وه‌

كارێكی نەتەوەیى و نیشتمانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌شدارى باڵيوزى ژاپۆن له‌ عێراق، به‌ردى بناغه‌ى پرۆژه‌ى هايدرۆپاوه‌رى له‌ قه‌زاى ئامێدى دانا و رايگه‌ياند هه‌موو هه‌وڵيكيان ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ بۆ ئەوەی شنگال لە جاران باشتر ئاوەدان بكرێتەوە.

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ى تشرينى دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌رى 2015، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، فۆمیۆ ئیوا، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و شاندێكی یاوەری و ژمارەیەك لە وەزیران و پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ئیداری سنووری پارێزگای دهۆك، لە ڕێوڕەسمێكدا بەردی بناغەی پرۆژەی هایدرۆپاوەری 36 میگاواتی لە ناحیەی دێرەلوكى سەر بە قەزای ئامێدی دانرا كە لەلایەن ئاژانسی هاریكارییە نێودەوڵەتییەكانی ژاپۆن (جایكا)وە ئەنجام دەدرێت و لە چوارچێوەی ئەو قەرزانەی كە ژاپۆن پێشكەش بە عێراقی دەكات، پارەدار دەكرێت.

لە رێوڕەسمەكەدا سەرۆك وەزیران گوتەیەكی پێشكەشكرد و تێيدا جه‌ختى له‌سه‌ر گرنگی پرۆژه‌كه‌ بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ كرده‌وه‌ و ئاماژەی بەوە دا كە جیا لەوەی وزەیەكی خاوێن بۆ ژمارەیەكی زۆری خەڵكی ناوچەكە دابین دەكات، لە هەمان كاتدا رێژەیەكی زۆری ئاوی دەڤەرەكە لە بەفیڕۆچوون دەپارێزێت و لە پڕۆژەكانی كشتوكاڵ و ئاودێری بەكاردەهێنرێت و رۆڵێكی گەورەی لەم بوارەدا دەبێت.

جەختی لەوەش كردەوە كە ئێستا شنگال پێویستی بە ئاوەدانكردنەوەیە و ئەمەش كارێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و لە هەمان كاتدا كارێكی ئاسان نییە، بۆ ئەم مەبەستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی هەمەلایەنە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال ئامادە دەكات و هەموو هەوڵێكی خۆی دەخاتە گەڕ بۆئەوەی ئەم شارە لە جاران باشتر ئاوەدان بكرێتەوە.

دووپاتيشىكرده‌وه‌، لە بارودۆخی ئێستادا بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەركە گەورەیە، ئەوان پێویستیان بە هاوكاریی نێودەوڵەتی و وڵاتە كۆمەكبەخشەكان بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی حكوومەتی عێراق هەیە و بە پێویستییشی زانی حكوومەتی عێراق لەم رووەوە ئەركی خۆی جێبەجێ بكات و داوای لە هەموو لایەنە ناوخۆ و نێودەوڵەتییەكان كرد هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن لە ئاوەدانكردنەوەی شنگالدا و داوای لە حكوومەتی ژاپۆنیش كرد لەم رووەوە هاوكاریی حكوومەتی هەرێمى كوردستان و خەڵكی شنگال بكات. هەروەك داوای لە پەرلەمانی عێراقیش كرد لە بارەی قەرزی نوێی ژاپۆن بۆ عێراق، ڕەزامەندی لەسەر بەشی هەرێمی كوردستان لەو قەرزە بدات.