به‌شى كوردى له كۆلێژه‌كانى‌ به‌غدا داده‌خرێت

هۆكاره‌كه‌ى كه‌مى ژماره‌ى مامۆستايه‌

K24 – به‌غدا

ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى عێراق رايگه‌ياند، به‌شى كوردى له‌ كۆلێژه‌كانى به‌غدا داخراوه‌، هۆكاره‌كه‌شى كه‌مى ژماره‌ى مامۆستايه‌ له‌و بواره‌دا.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 21ى تشرينى دووه‌م/نۆڤه‌مبه‌رى 2015، بێريوان خه‌يلانى، ئه‌ندام په‌رله‌مانى عێراق و ئه‌ندام له‌ لێژنه‌ى خوێندنى باڵا، به‌ (K24) گوت: "ژماره‌ى مامۆستايانى به‌شى كوردى له‌ كۆلێژه‌كانى به‌غدا كه‌مه‌، ئه‌مه‌ بووه‌ته‌ هۆكارێك بۆ داخستنى به‌شى كوردى له‌ زۆربه‌ى كۆلێژه‌كان".

گوتيشى: "ئێمه‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كى فراوان له‌گه‌ڵ وه‌زيرى خوێندنى باڵا عێراق و سه‌رۆكى به‌شى كورديدا كردووه‌، ئه‌وان گوتيان ته‌نيا مامۆستا بێنن ئێمه‌ ده‌يخه‌ينه‌ سه‌ر ميلاكى خۆمان و ئاماده‌ين وه‌ريانگرين".

له‌به‌شێكى قسه‌كانيشدا گوتيشى: " پێويسته‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌مه‌هانگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ خه‌مخۆرى ئه‌و بابه‌ته‌ ببن و مامۆستا بۆ به‌شى كوردى له‌ به‌غدا دابين بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا زمانى كوردى گرنگى خۆى له‌ ده‌ست ده‌دات".

ئاماژه‌ى به‌ هۆكارى كه‌مى ژماره‌ى مامۆستايانى پسپۆر له‌و بواره‌شدا و گوتى: "هۆكارى كه‌مى ژماره‌ى مامۆستايان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بارودۆخى ئه‌منى به‌غدا، چونكه‌ به‌غدا له‌دواى 2003 وه‌ سه‌قامگيريه‌كى به‌م شێوه‌يه‌ به‌خۆيه‌وه‌ نه‌بينييوه‌، بۆيه‌ زۆربه‌ى مامۆستايه‌كان له‌و كاته‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان".