کوردێکی دیکە لە شاری نسێبین گیانی لە دەست دا

بەهۆی ئاڵۆزییەكانی باكووری كوردستان ژمارەی قوربانییە سڤیلەکان رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندان.

لە شاری نسێبینی ناوچەی مێردین كە 10 رۆژە هاتووچۆی تێدا قەدەغەکراوە هاووڵاتییەکی کورد گیانی لە دەست دا.

بەپێی زانیارییەكانی (کوردستان 24) ئەو هاووڵاتییە کوردە تەمەن 55 ساڵە کە ناوی شەریف ئاڵاپارە بەهۆی بەرکەوتنی چەند پارچەیەکی بۆمبێك بە جەستەی گیانی لەدەستداوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە 9 رۆژی قەدەغەكردنی ھاتووچۆ لە شاری نسێبین 9 كەسی سڤیل گیانیان لە دەست داوە.

لە گەڤەڕی ناوچەی جۆلەمێرگ قەدەغەكردنی دەركەوتن و هاتووچۆ لە 20 ئەم مانگەوە بەردەوامە و تەنیا لە دوو رۆژی رابردوودا لە ناوچەکە دوو هاووڵاتیی گیانیان لە دەستداوە و سێ كەسیش برینداربوونە.

هاوکات ئەمڕۆ دوای پێنج رۆژ لە قەدەغەكرنی ھاتووچۆ لە ناوچەی (لجێ)ی سەر بە شاری ئامەد، کۆتایی بەو قەدەغەکردنە هێنرا.