خاليد عوبه‌يدى: ده‌بێ بۆ رزگاركردنه‌وه‌ى مووسڵ ئاماده‌بين

هێرشى فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كان به‌رده‌وامه‌

K24 – ژوورى هه‌واڵ

وەزیری بەرگری عێراق جەخت لە ئازادکردنی مووسڵ دەکاتەوەو ده‌ڵێت: هێرشی فڕۆکە جه‌نگییه‌كان بەردەوامە لە بۆردومانکردنی مۆڵگەکانی داعش لە سنووری پارێزگاکانی مووسڵ و ئەنبار و سەڵاحەدین.

ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 22ى تشرينى دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌رى ساڵى 2015، خالید عوبه‌یدی وەزیری بەرگری عێراق لەسەردانێکی مەیدانی بۆ فێرگەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، رایگەیاند:" پێویستە بەباشترین شێوە راهێنان و ئەرکە سەربازییەکان جێبەجێ بکەن و پرەنسیپ و دیسپلینی سەربازی فەرامۆش نەکەن، ده‌بێ سوپا ببێتە پارێزەری خاکی عێراق و هەوڵ بۆ رزگارکردنی هەموو ناوچەکان بدەین، له‌ نێویاندا بۆ رزگار مووسڵ، ئامادە بین".

هاوکات لە بەیاننامەیەکی فەرماندەیی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەکاندا، هاتووه‌ "فڕۆکە جه‌نگییه‌كانی هێزی ئاسمانی عێراقی چوار هێرشیان كردووه‌ته‌ سەر مۆڵگەکانی چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی روممادى، هه‌روه‌ها فڕۆکەکانی سوپا، 95 هێرشیان ئەنجامداوە بۆ ناوچەکانی روممادى، تەلەعفەر، مووسڵ و فەلوجە، لە ئەنجامیشدا 15 چەکدار کوژراون، لەگەڵ خاپورکردنی بارەگا و مۆڵگەکانیان و 5 ئۆتۆمبێلی سەربازیش تێکشکێنران".

هەر لەبەیاننامەکەدا هاتووە " وێستگەیەکی سووتەمەنی داعش لە ناوچەی زەنکورەی سەربە ئەنبار تەقێنرایەوە و چەکدارانی ناویشی کوژران، لە ناوچەی حەراریات، کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین لە ئەنجامی بۆردومان کردنی هێزە ئاسمانییەکان بەدەیان چەکدار کوژراون، کارگەیەکی بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبێلیش لە فەلوجە کراوەتە ئامانجی هێرشی سەربازی و خاپور کراوە.

رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى (داعش)، رێكخراوێكى سه‌له‌فى جيهادييه‌، باوه‌ڕى به‌ ته‌كفيركردنى كۆمه‌ڵگه‌ هه‌يه‌، له‌ ئاكامى "شه‌ڕى چه‌كدارى" له‌ سووريا ده‌ركه‌وتن، له‌ حوزه‌يرانى ساڵى 2014 په‌ڕينه‌وه‌ عێراق و هێشرشيان كرده‌ سه‌ر پارێزگاى موسڵ، دواى كشانه‌وه‌ هێزه‌ ئه‌منييه‌كان عێراق، ئه‌و پارێزگه‌يه‌يان داگيركرد و چه‌ندان جۆر چالاكى كوشتن و بڕينى ده‌رهه‌ق به‌ دانيشتوانى ئه‌و شاره‌ ئه‌نجامدا، به‌وهۆيه‌وه‌ زياتر له‌ 3 مليۆن كه‌س ئاواره‌ ناوچه‌كانى ديكه‌ى عێراق بوون به‌تايبه‌تى هه‌رێمى كوردستان.